Rewa Mahmut Hasan
11 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2016
ئورفا
لە شاری ئورفا شەڕ و پێکدادان لە نێوان پۆلیس و گەنجێکدا رووی دا و بەهۆیەوە ٣ پۆلیسی تورکیا گیانیان لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان تیمەکانی پۆلیس لە تێرمیناڵی نێوان شارەکاندا لە ئورفا پاسێکیان بەمەبەستی ئەنجامدانی پشکنین راگرتووە و دوای ئەوەی کە گەنجێک رێگەی نەداوە بیپشکنن، شەڕ و پێکدادان رووی داوە و بەهۆیەوە ٣ پۆلیس گیان لەدەست داوە.
هەرسێ پۆلیسەکە دوای برینداربوونیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و پاشان گیانیان لەدەست داوە.
لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامی هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی تەناهی لە نەخۆشخانەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە.
پارێزگاری ئورفا گونگۆر عەزیم تونا بەم شێوەیە باسی رووداوەکە دەکات: "برادەرانمان لە پۆلیس بۆ پشکنین چوونەتە تێرمیناڵی پاسی نێوان شارەکان، لەو کاتەدا سەرەی خێزانێک دێت، دەیانەوێت گەنجێک بپشکنن کە لەگەڵ دایک و خوشکەکەیەتی و ئەو گەنجە ١٧ ساڵە، بەبێ ئاگاداری ماڵەوە چەکی باوکی هەڵگرتووە و رێگە نادات بیپشکنن و کێشەی دەروونیشی هەبووە. لەوێدا تەقە دەکات و ٣ پۆلیسمان گیان لەدەست دەدەن و ٣ پۆلیسی تریش بریندار دەبن و هێرشبەرەکەش کوژراوە".