Sarmand Hameed
15 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2018
هەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە بازاڕی سیاجی گەڕەكی كوردستان لە شاری هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک دوکانی بازاڕەکە سووتا و ژمارەیەکی دیکەشیان زیانیان پێگەیشتووە.
وەک شایەتحاڵانی رووداوەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ باسیان کرد، رووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە و سەرەتا ئاگرەکە لە دوکانێکی بازاڕەکە سەری هەڵداوە و دواتر تەشەنەی سەندووە و بەشێکی زۆری بازاڕەکەی گڕی گرتووە.
یەکێک لە خاوەن دوکانەکانی بازاڕەکە بەناوی دلێر غازی کە بەهۆی ئاگرەکەوە دوکانەی سووتاوە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئەم بازاڕە نزیکەی ٦٠٠ دوکان لە خۆدەگرێت کە هەموو جۆرە کەلوپەل و خواردمەنییەکی تیادا دەفرۆشرا، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە زیاتر لە ١٠٠ دوکان سووتاون، زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە، سەرەتا ئاگرەکە لە دوکانێکی فرۆشتنی جوانکاری و بۆن کەوتووەتەوە، بەهۆی ئەو ماددانەی لەنێو دوکانەکەدا بووە کە بۆن و موعەتیر بوونە ئاگرەکە بەپەلە تەشەنەی سەندووە و پەڕیوەتەوە بۆ دوکانەکانی دیکە، لەدوای پەیوەندیکردن بە پۆلیسی فریاکەوتن، تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد".
لەبارەی ئەو زەرەرو زیانانەی بەهۆی ئاگرەکەوە بەر بازاڕەکە کەوتووە، دلێر غازی گوتی "ئەو زیانانەی بەهۆی ئاگرەکە بەر دوکانەکان کەتوون بە نزیکەی ١٥٠ هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت".
دلێر داوا دەکات حکوومەتی هەرێم قەرەبوویان بکاتەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە بەیانی ئەمڕۆ پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی پێدوان.
بە پێی زانیارییەکان دوای چەند کاتژمێرێک تیمەکانی بەرگری شارستانی توانویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن ئەوەی سەرەڕای ئەوەی بەهۆی شێوازی دروستکردنی دوکانەکانی بازاڕەکە کە سەرجەمیان بە جەمەلۆن دروستکراون، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی ئەستەم بووە.
لە ئێستادا تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە بەمەبەستی زانینی هۆکاری سەرەکی کەوتنەوەی ئاگرەکە.
بازاڕی سیاجی گەڕەكی كوردستان، دەکەوێتە ناوەڕاستی گەڕەکی کوردستان لە شاری هەولێر و زیاتر لە ٦٠٠ دوکان لەخۆ دەگرێت.