Muhammet Ali Kemal
23 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2017
دۆحە - AA
یەکەم هێڵی راستەوخۆی دەریایی لە نێوان تورکیا و قەتەردا کرایەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن کۆمپانیای ''میلاحە''ی سەربە حکوومەتی قەتەرەوە بڵاوکراوەتەوە، یەکەم هێڵی گواستنەوەی کۆنتەینەر لە نێوان بەندەری ئیزمیر و قەتەردا کراوەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەماوەی هەر ٢٠-٢٥ رۆژێکدا کەشتییەکی بارهەڵگر لە تورکیاوە رەوانە دەکرێت و ماوەی ترانزێتی کەشتییەکە بریتی دەبێت لە ١١ رۆژ.
بەڕێوەبەری گشتیی و بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای میلاحە، عەبدولرەحمان عیسا مەناعی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە لەبەر ئەوەی چارەسەرێکی کاریگەر، ئابوورییانەیە و دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ئەم رێکارەیان گرتووەتە بەر و ئەو هێڵەیان کردووەتەوە.
عەبدولرەحمان عیسا مەناعی باسی لەوەشکردووە ئەم هێڵە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان بەندەرەکان و ئاسانکردنی ئەنجامدانی بازرگانی لە لایەکەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ تورکیادا.
بەڕێوەبەری گشتیی و بەرپرسی جێبەجێکاری کۆمپانیای میلاحە، عەبدولرەحمان عیسا مەناعی ئاشکراشیکردووە قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و قەتەر لەماوەی چەند مانگی رابردوودا گەشەکردنی بەخۆوە بینیوە.