Mohammad Farid Mahmoud Abdullah
30 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
داوی ئەوەی دوێنێ شەممە، کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی (Shut Down) لە پارێزگاکانی باشووری عێراق روویدا، لەمبارەیەوە وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە کارەبای نیشتمانیی بەرەبەرە بۆ پارێزگاکانی باشوور گەڕاوەتەوە.
ئەمەیش لە کاتێدایە، ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی گەرما عێراقی گرتووەتەوە، بەجۆرێک کە پلەکانی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی باشوور ٤٩ پلەی سەدی تێپەراندووە.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوای وەگەڕخسنتەوە و گرێدانی ژمارەیەک یەکەی بەرھەمھێنان و ھێڵی گواستنەوەی کارەبا بە تۆڕی نیشتمانییەوە کە بەھۆی دۆخێکی لەناکاو لەکارکەوتبوون، کارەبا بەرەبەرە بۆ پارێزگاکانی باشوور گەڕاوەتەوە.
راشیگەیاندووە، دوای ئەوەی ژمارەیەک یەکەی بەرھەمھێنان و ھێڵی گواستنەوە بە تۆڕی نیشتمانییەوە گرێدارن و خرانەوە کار، بەرھەمھێنانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.
دوێنێ شەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق راگەیاند، کردەیەکی تیرۆریستیی لە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ھێڵی کارەبای سەڵاحەددین-حەدیسە کردە ئامانج، هەروەها ئاگر لە وێستگەیەکی کارەبا لە بەسرە کەوتەوە کە بەهۆیەوە کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق روویدا.