جيهان, ئابووری, عێراق

ژووری بازرگانی هەولێر: "لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی پێناسی گومرگی ئەمریکا لەسەر عێراق بەدیار دەکەوێت"

Heman Hussein Yaseen  | 10.04.2025 - نوێکردنەوە : 15.04.2025
ژووری بازرگانی هەولێر: "لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی پێناسی گومرگی ئەمریکا لەسەر عێراق بەدیار دەکەوێت"

Arbil

هەولێر - AA

ڕۆژی دووی نیسانی ٢٠٢٥، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ لە بڕیارێکدا دەستکاری پێناسی گومرگی کرد و باجی زیاتری خستە سەر ئەو کاڵا و شتومەکانەی لە وڵاتانەوە ھەناردەی ئەمریکا دەکرێت و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، یەکێکیان لە چواری نیسان و ئەوەی دیکەشیان لە نۆی نیسان.

سەپاندنی کۆمەڵێک سزای گومرگی لە لایەن چل و حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا، کاردانەوەی ژمارەیەک وڵاتانی لێکەوتەوە و بەشێک لە وڵاتان وەڵامیان داوەتەوە و ھەندێکی دیکەش تاوتوێی دۆخەکە دەکەن. لە یەکەم کاردانەوەشدا ژاپۆن ھۆشداریدا لەوەی ئەو باجە نوێیانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە سەپێنراون، لەوانەیە یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیھانی و پەیماننامەی بازرگانی نێوان ھەردو وڵات پێشێل بکەن، ھەر لەمبارەیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئەو وڵاتە یوجی مۆتۆ پەیامێکی ئاراستەی واشنتۆن کرد و ڕایگەیاند کە سەپاندنی باج بەسەر مامەڵەی بازرگانی نێوانیان، ئەوا پێشێلکردنی پەیماننامەی بازرگانییە.

پێشتریش دۆناڵد تڕەمپ باجی سەدا ٢٥ی خستبووە سەر هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل لە وڵاتانەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەمەش پێشبینی دەکرێت نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەرزبێتەوە کە دواتر بەشێوەی دەستی دوو لە ئەمریکاوە هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێتەوە لە نێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.

ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێن و بازاڕێکی گەرمی بازرگانیی هەیە، بازرگانێکی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر نرخی ئۆتۆمبێل دەبێت و پێشبینی دەکات چەند مانگێکی دیکە لێکەوتەکانی بەدیار بکەوێت و نرخی ئۆتۆمبێل بەرز بێتەوە.

بازرگانی ئۆتۆمبێل، هێژا ئاکۆیی لەبارەی بڕیارەکەی دۆناڵد تڕەمپ و کاریگەرییەکانی لەسەر مامەڵەی ئۆتۆمبێل، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر کەرتی بازرگانی و بە تایبەتیش ئۆتۆمبێل دروست دەکات، چونکە سەدا ٢٥باجی خستووەتە سەر ئۆتۆمبێل، واتا ئەگەر ئێستا ئۆتۆمبێلێک بە بەهای دە هەزار دۆلار لەوێ بکڕین، دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەمان ئۆتۆمبێل بە ١٢ هەزار و ٥٠٠ دۆلار دەکڕین چونکە سەدا ٢٥ی باج خراوەتەسەر، ئێمەش ناچارین ئەو بڕە پارەیە بخەینە سەر ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی فرۆشتندا".

هێژا ئاکۆیی گوتیشی: "لە ئەمریکا جۆرەها ئۆتۆمبێل دێت، ئێمە لە مەزادەکان دەیکڕین و نزیکەی سێ مانگی پێدەچێت تا دەگاتە هەولێر، بۆیە لێکەوتەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێل دوای سێ مانگی دیکە بەدیار دەکەوێت و ئەوکات بە ئەگەری زۆرەوە ئۆتۆمبێل گران دەبێت".

هاوکات پسپۆڕێکی ئابووری پێیوایە کە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆنی شەڕی جیهانی بازرگانیی و ئابووریی لێدێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە لە هەموو حاڵەتێکدا بڕیارەکە کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

پسپۆڕی بواری ئابووری، دکتۆر محەمەد عەلی عوزێری لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان بڕیارەکەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی سەپاندنی باج، بڕیارێکی نێودەوڵەتییە و بۆنی شەڕی جیهانی بازرگانی و ئابووری لێدێت، بەهەر شێوەیەک بێت لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێم بەدیار دەکەوێت چونکە عێراق لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە تا ئێستاش لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئەمریکایە، ئەوەی هەیە لە داهاتی عێراق، ئەوا حکوومەتی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی کردووە، کەواتا هەموو بڕیارە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێم هەیە بەڵام بەشێوەیەکی کەم".

دکتۆر محەمەد عەلی عوزێری گوتیشی: "هەناردەکانی عێراق بۆ ئەمریکا زیاتر بابەتی نەوتە، ساڵی ڕابردوو لە عێراقەوە بە بەهای حەوت ملیار دۆلار نەوت بە ئەمریکا فرۆشراوە، نەوتیش لە دەرەوەی سەپاندنی باجەکەیە، بۆیە ئەو کاریگەرییەیشی کە هەیە، ئەوا لەسەر چینێکی هاووڵاتییانە و بە گشتیی نییە".

ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەدا ٦٠ی کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ عێراق لە وڵاتانی تورکیا و چینەوە هەناردە دەکرێن و لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەگەر سەیر بکەیت ئەوەی هەیە لە کاڵا و شتومەکەکانی جیهان، زۆرترینیان لەسەریان نوسراوە دروستکراوی چین، بۆ نموونە ئامێری ئایفۆن کە ئەمریکا شانازی پێوە دەکات لەسەری نوسراوە دروستکراوی چین چونکە پاترییەکەی لە تایوان و شاشەکەی لە کۆریا و کەڤەرەکەی لە چین دروست دەکرێت، هەروەها عێراق کەمتر مامەڵەی لە ئەمریکادا هەیە لە ڕووی کاڵا و شتومەکەوە، ئەوەی هەیە لە سەدا ٦٠ی کاڵاکانی عێراق لە تورکیا و چینەوە هاوردە دەکرێن".

محەمەد عەلی عوزێری گوتیشی: "ئامانجە سەرەکییەکەی ئەمریکا لەم بابەتە، پاراستنی دۆلارە لە جیهاندا، چونکە دۆلار لەژێر مەترسییەکی زۆر گەورەی لەناوچووندایە، کەواتا ئەگەر دۆلاریش متمانەی خۆی لەدەست بدات ئەوا بێگومان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەمریکا دروست دەکات چونکە ئەمریکا بە هێزی سوپا و سەربازەکانی حوکمڕانی جیهان ناکەن وەک ئەوەی لە ڕێگای دۆلار کردوویەتی".

هەروەها ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە وڵاتان بە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا شۆک بوون و پێیوایە لە ئێستادا عێراق نابێت هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت و باشترە چاودێری دۆخەکە بکات و بزانن وڵاتان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکەن.

جێگری یەکەمی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کامەران سەڵاح باجگر لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەپاندنی باج بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بۆ ئەمریکا لەسەدا ١٠ تا سەدا ٧٢ی تێدایە، بێگومان ئەمە کاریگەرییەکی زۆر لەسەر وڵاتانی ئەورووپا دروست دەکات، ئەو سەدا ٣٩ی باجەش کە بەسەر عێراق سەپێندراوە، لە ئێستادا کاریگەریی نابێت بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ماوەکانی داهاتوودا کاریگەرییەکانی بەدیار دەکەوێت".

کامەران باجگر گوتیشی: "ئابووریناسەکان زیاتر سەرقاڵی ئەوەن کە ڕێڕەوی ئەم بڕیارە بۆ کوێ دەچێت، چونکە لەسەر ئاستی جیهانی ناڕەزاییەتی لێکەوتووەتەوە و هەموو وڵاتان شۆک بوونە و لە هەوڵی ئەوەدان بتوانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا بکەن، هەروەها لەناوخۆی ئەمریکاش لە دوای بڕیارەکە لە زۆربەی ویلایەتەکان خۆپێشاندان دژی بڕیارەکە ئەنجام دراوە و وا باشترە جارێ لە تەماشاکار بین و بزانین وڵاتان ئاکامی بڕیارەکە بەرەو کوێ دەچێت".

لەبارەی مامەڵەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا، کامەران باجگر گوتی: "عێراق تا ئێستا سەدا ٩٩.٩ مامەڵەی لەگەڵ ئەمریکا، تەنیا نەوتە کە هەناردەی ئەمریکای دەکات لەگەڵ بڕیارەکەش ١٠ دۆلار، هەندێک بابەتی دیکەی بچووک هەیە وەک ئەوەی عێراق هەندێک خورما هەناردە دەکات، لەهەرێمیش کۆمپانیایەک هەیە کە بابەتی دۆشاوی تەماتەی هەناردە دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە ئێمەش وەکو بازرگانان زەرەرمەند دەبین بەڵام قەبارەی زەرەرەکە گەورە نیە و دەتوانین لە شوێنی دیکە جێگای خۆمان بکەینەوە".

کامەران باجگر گوتیشی: "باشترە عێراق جارێ کاردانەوەی نەبێت، چونکە یەکەم زەرەرمەند بازرگانان و هاووڵاتییان دەبن، چونکە ئەگەر هاتوو وەک کاردانەوەیەک لەلایەن عێراقەوە باج خرایە سەر کاڵا ئەمریکییەکان، ئەوا هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن و بازرگانەکان ناچارن جێگرەوەی ئەمریکا بدۆزنەوە".

ئەمە لە کاتێدایە کە ڕۆژی دووی نیسانی ئەمساڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ لە کۆشکی سپی بڕیارێکی نوێی ئابووری ڕاگەیاند و بەپێی بڕیارەکە وەک بنەما باج بە ڕێژەی سەدا ١٠ بەسەر ھەموو ئەو کاڵا و شتومەکانەدا دەسەپێنرێت کە لە وڵاتانەوە ھەناردەی ئەمریکا دەکرێت، ھاوکات سەدا ٢٥ی باج بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەشدا سەپاند کە لە دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکرێن و ھەناردەی ئەمریکا دەکرێت، ھەروەھا لیستێکی ڕاگەیاند کە سەرجەم وڵاتانی جیھانی تێدا تۆمار کرابوو، بۆ هەر وڵاتێک ڕێژەیەکی جیاوازی باج دیارییکرابوو کە کاڵا و شتومەک هەناردەی ئەمریکا دەکەن.

بەپێی داتاکانی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا، ٩.١ ملیار دۆلار بووە لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ١٠.٣ ملیار دۆلار بووە، ھاوکات ئەوەشخراوەتەڕوو کە ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا بریتیی بووە لە ٧.٤ ملیار دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا قەبارەی ھەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا ٨.٤ ملیار دۆلار بووە و بەم پێیەش ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئەمریکا دابەزیووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن