Heman Hussein Yaseen
05 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2023
هەولێر - AA
لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان، ڕێکخراوی مەسەلە بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان بە هاوکاری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، پێشانگای کاری دەستیان بۆ ژمارەیەک لە ئافرەتان کردەوە و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە پێشانگاکەدا ١٥٠ کەس بەشدارن لە نێویاندا وێرای ئافرەتانی دەستڕەنگین لە ناوخۆی هەرێم، ئافرەتانی ئاوارە و پەنابەریش بە بابەتی جیاوازی کاری دەستییەوە بەشدارن.
بەرپرسی دۆسیەی توند و تیژی ئافرەتان لە ڕێکخراوی مەسەلە، زەری محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توند وتیژیمان هەیە کە هەڵمەتێکی جیهانییە، لەو چوارچێوەیەدا ئەم پێشانگایەمان کردووەتەوە کە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێم، هاوکات ئاوارە و پەنابەرانیش لە خۆ دەگرێت، بەشداربووەکان ژمارەیان ١٥٠ کەسە، هەموویان کاری دەستی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئامانجی ئێمەیە ئەوەیە کە ئەم ئافرەتانە بکەونە سەرپێی خۆیان و خۆبژێوی خۆیان هەبێت و، بابەتەکانییان بۆ بە بازاڕ بکەین".
زەری محەمەد گوتیشی: "پێشانگاکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە کاتژمێر ٠٩:٣٠ تا ٠٦:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت، ئێمە پێشتر سەردانی سەرجەم زانکۆکانمان کردووە بۆ ئەوەی لەم پێشانگایە بەشداربن و بتوانن پاڵپشتی ئەم ئافرەتانە بکەن، لێرە شتی جیاواز هەیە، زیاتر سەرنجمان کردووەتە سەر ئەوەی کە بیرۆکەی خۆیان بێت و بتوانن پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان هەبێت و بەشێوەیەکی گشتی خەڵک باری دارایی باش نیە و هەوڵمانداوە کە ئەو ئافرەتانە بتوانن خۆبژێویان هەبێت".
یەکێک لە بەشداربووەکانی پێشانگاکە کە هاوکات وەک پەنابەر لە هەرێم نیشتەجێبووە، ئاماژە بە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر ڕەنگێک لە بەکارهێنانی تابلۆکان، گوزارشتە لە دۆخێکی تایبەت.
هونەرمەندی دەستڕەنگین، سەوسەن مەلا کە خەڵکی پارێزگای قامشلۆی وڵاتی سووریایە و بە هونەری وێنەکێشان بەشدارە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ بە کۆمەڵێک تابلۆی وێنەکێشان بەشداری ئەم پێشانگایەم کردووە، حەز دەکەم زیاتر لە وێنەکان ڕووخساری ژنان نیشان بدەم، هاوکات دەمەوێت پەیامێک لە نێو وێنەکاندا نیشان بدەم کە جوانی بریتیی نییە لە جوانی ڕووخسار، بەڵکو بریتییە لە جوانی ناخ و هەوڵمداوە لە ڕێگای بەکارهێنانی ڕەنگەکانەوە ئەو جوانییە نیشان بدەم".
سەوسەن مەلا گوتیشی: "لە منداڵییەوە حەزم بە کاری هونەری کردووە، ماوەی ١٠ ساڵە وەکو پەنابەر لە هەرێم نیشتەجێم، لەم ماوەیەدا هەوڵمداوە پەرە بە کارە دەستییەکانی خۆم بدەم، سێیەم جاریشە بەشداری لە پێشانگاکان دەکەم".
لە پێشانگاکەدا، چەند کەسێک لە خاوەنپێداویستی تایبەت بەشدارن و وێرای پەرەدان بە کارەکەیان هاوکات هەوڵیانداوە کارەکەیان ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتی ئابووری بۆ بژێوی ژیانییان.
میدیا جەمال، ئافرەتێکی خاوەنپێداویستی تایبەتە (کەم بینا)، بە ئەستەم دەتوانێت شتەکان ببینێت، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی ١٥ ساڵە خەریکی کاری دەستییە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەوڵیداوە کارەکانی ببنە سەرچاوەی داهات بۆ بژێوی ژیانییان.
کەم بینا، میدیا جەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ١٥ ساڵە کاری دەستی دەکەم، شتەکان جوانکاری ناو ماڵن، هەرچەندە لە دروستکردندا زۆر پێیەوە ماندوو دەبم بەهۆی ئەوەی خاوەنپێداویستی تایبەتم و کەم بینام".
میدیا جەمال گوتیشی: "لە دروستکردنی جوانکارییەکاندا ئەوانەی زەنگیانە و شتی وردن ناتوانم بەکاریان بهێنم بەهۆی ئەوەی کەم بینام و نایبینم، بەڵام هەوڵمداوە پشت بەخۆم ببەستم چونکە کارەکەم سەرچاوی داهاتی ژیانمە".