ئابووری, عێراق

١٣٣ هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراون

بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ: "تا ئێستا ١٣٣ هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش ١٤ هەزاریان کرێکاری بیانین و ئەوانی دیکە کرێکاری ناوخۆن".

Heman Hussein Yaseen  | 01.05.2022 - نوێکردنەوە : 02.05.2022
١٣٣ هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراون

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، عارف حیتۆ دەڵێت، تا ئێستا ١٣٣ هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون و ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەو ژمارەیەش ١٤ هەزاریان کرێکاری بیانین و ئەوانی دیکە کرێکاری ناوخۆن.

بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، عارف حیتۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و دوا زانیارییەکانی دۆخی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

رۆژی یەکی ئایاری هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی کرێکاران یان جەژنی کرێکاران ناسێندراوە، ئەمەش پەیوەستە بە رووداوێکی ١٣٦ ساڵ لەمەوبەر کە تیاییدا کرێکارانی شیکاگۆ داوای کەمکردنەوەی کاتی کارکردنییان کرد و لەژێر دروشمی 'هەشت کاتژمێر کارکردن، هەشت کاتژمێر پشوودان، هەشت کاتژمێر خەوتن' بەهەزاران کرێکار رژانە سەر شەقامەکان و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکاندا ژمارەیەک کرێکار کوژران و دواتر بۆ ئاساییکردنەوەەی دۆخەکە کۆنگرێسی ئەمریکا یەکی ئایاری وەک رۆژی کرێکاران بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و تیاییدا داواکاری کرێکاران چەسپێنران و کاتەکانی کارکردن کەمکرانەوە.

ساڵانە لەم رۆژەدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەشێکی زۆری وڵاتان، پشووی فەرمییە و چەندین بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر بۆ بەرەو باشترکردنی ژیانی کرێکاران بەڕێوەدەچێت.

لە سەرەتای دیمانەکەدا لەبارەی پێناسەی کرێکار لە یاساکانی وەزارەتی کار و ئامارەکانی کرێکار لە هەرێمی کوردستان دا، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دکتۆر عارف حیتۆ گوتی: "هەر کەسێک بەپێی گرێبەستێک لە کەرتی تایبەت کار بۆ خاوەنکارێک بکات و مووچەیەک وەربگرێت، پێی دەڵێین کرێکار، ئەوانەی لە کەرتی گشتیش کار دەکەن پێی دەڵێن فەرمانبەر، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی کرێکارەکان بریتیی بوو لە ١٢٧ هەزار و ١٦٠ کرێکار، لەم سێ مانگەی دواییشدا، چوار هەزار و ٩٩٨ کرێکار تا ئێستا لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون لەو ژمارەیەش ١٤ هەزاریان کرێکاری بیانین".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ساڵی ٢٠٢١ دا، ١١٠ هەزار و ٩١٧ کرێکاری خۆماڵی تۆمارکراون بە جۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر٥٠ هەزار و ٦٠٤ کرێکاری خۆماڵی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش ٤٧ هەزار و ٢٨ کەس پیاو و، سێ هەزار و ٥٧٦ کەس ئافرەتن.

لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی، ٤١ هەزار و ٧٩٠ کرێکاری خۆماڵی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش ٣٣ هەزار و ٢٩٤ پیاو و، هەشت هەزار و ٤٩٦ ئافرەتن. هاوکات لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دهۆکیش ١٨ هەزار و ٥٢٣ کرێکار تۆمارکراون لەو ژمارەیەش ١٦ هەزار و ١٠٨ پیاو و هەزار و ٤١٥ کرێکاریش ئافرەتن.

دکتۆر عارف حیتۆ دەشڵیت: "لە وەزارەتی کار لەگەڵ قەیرانی دارایی پلانێکمان دانا بۆ کەمکردنەوەی کرێکاری بیانی و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ کرێکاری خۆماڵی، بۆیە ئەو کرێکارانەی لە رێگای وەزارەتەوە دێنە هەرێمی کوردستان، زۆربەیان کرێکاری خزمەتکاری ناوماڵن چونکە ئەو جۆرە کرێکارانە لە کوردستان دەستناکەوێت بۆیە ئەو خەڵکانەی کە کرێکاری ناوماڵیان پێویستە، ئەوا کرێکارەکان دەهێنن، ئەوانە زیاتر لە وڵاتە ئەفەریقییەکان و ئەندۆنیزیا و وڵاتە ئاسیاییەکانەوە دێن".

لەبارەی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە کرێکارانی بیانی دەهێننە هەرێمی کوردستان، دکتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "بە گشتی مۆڵەت بە ١٩٧ کۆمپانیا دراوە کە کرێکاری بیانی دەهێننە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەو ژمارەیەش لە ئیستادا تەنیا ٥١ کۆمپانیا کاران، ئەوانی دیکە یان راگیراون یان لە لیستی رەشدان، هەر کۆمپانیایەکی هێنانی کرێکاری بیانی بەپێی رێنماییەکانی ئێمە کار نەکات ئەوا بەپێی سەرپێچییەکە جۆری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، هەر لە ساڵی ٢٠٢١دا، ١٦ هەزار و ٢٤٣ کرێکاری بیانی تۆمارکراون، بەجۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر ١٢ هەزار و ٢٧٤ کرێکاری بیانی تۆمارکراون لەو ژمارەیەش دە هەزار و ١٣٩ پیاو و دوو هەزار و ١٣٥ ئافرەتن.

لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی، دوو هەزار و ٨٦٦ کرێکاری بیانی تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٤٠٧ پیاو و، ٤٥٩ کرێکاریش ئافرەت بوونە، هاوکات لە بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دهۆکیش هەزاری و ١٠٣ کرێکار تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش هەزار و ١٦ پیاو و ٨٧ کرێکاریش ئافرەتن.

هەر بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ دا، چوار هەزار و ٩٩٨ کرێکار تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٤٧٥ کرێکار خۆماڵی و ٥٢٣ کرێکاریش بیانین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە ئاماری خانەنشینانی کەرتی تایبەت، دکتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "خانەنشینەکانی کەرتی تایبەت ژمارەیان لە ٨٠٠ کەس تێنەپەڕیووە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە کاتێک کرێکارێک ساڵێک بەسەر تەواوبوونی گرێبەستەکەی تێپەڕدەبێت، دێ داوای پاداشتی کۆتایی خزمەت دەکات، ئەو پاداشتەی کە لەلای ئێمە وەردەگیرێت دوای ئەوە دەستبەرداری هەموو مافێکی خۆی دەبێت بۆ خانەنشینکردن، هەر بۆیە گرنگی دەستەبەرکردن ئەوەیە کە کۆمەڵێک ئیمتیازی تێدایە ئەویش بریتیە لەوەی کە کرێکاری کەرتی تایبەت وەکو کارمەندی کەرتی گشتی بۆی هەیە خانەنشین بێت بەڵام بە مەرجێک پیاو تەمەنی بگاتە ٦٠ ساڵ و ئافرەت ٥٥ ساڵ، یان پیاو ٢٥ ساڵ و ئافرەت ٢٠ ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا ئەوکاتە مافی خانەنشینی دەبێت، ئەگەر تەمەنەکە گەیشتە ٦٠ ساڵ و ئەو خزمەتەی نەبوو، ئەوا پاداشتی کۆتایی پێ دەدرێت".

لەبارەی ئەوەی بۆچی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە کە لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، دکتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "پڕۆسەی دەستەبەرکردن بابەتێکە کە کرێکار پشتڕاست بێت کە مافی ژن و منداڵەکەی پارێزراوە، ئەوەی لە حکوومەت خانەنشین بێت ئەوا ئەو مافەی هەیە و ناتوانێت دەستەبەر بکرێت".

هەندێکجار کرێکار لەمیانی کارکردندا تووشی پێکان یان کەمئەندامی دەبێت و ئەمەش توانای کارکردنی لەدەست دەدات، سەبارەت بەم پرسەش، دکتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "بەپێی یاسا هەر کەسێک لەسەر کار تووشی پێکانی کار ببێت، ئەگەر پلەی پەککەوتنی سەد لە سەد بێت ئەوا مووچەی سەد لە سەدی پێ دەدرێت و ئەگەریش کەمتر بوو ئەوا شەش مانگ جارێک دەبێت راپۆڕتی پزیشکی هەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو راپۆڕتە، مووچەی پێ دەدرێت".







بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın