Zana Natık Kerem
17 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، ئێسحان عەبدولجەبار و وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، کەمال ئەتروشی پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ناوەند و ھەرێمیان لەبارەی دۆسیەی نەوتدا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئێحسان عەبدولجەبار پێشوازی لە کەمال ئەتروشی کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا، پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان ناوەند و ھەرێم لەبارەی دۆسیەی نەوتدا تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە وەزیری نەوتی عێراق، ئێسحان عەبدولجەبار جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی کار کردن بە ئامانجی زیادکردنی شەفافییەت و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری تایبەت بە چالاکییە نەوتییەکان و داھاتە بەدەستھاتووەکانی، ھەروەھا پێکەوەکارکردن لەپێناو وەبەرھێنان لە بواری دەرامەتە سروشتییەکان لەسەرتاسەری عێراقدا، ئەوەیش بە ئامانجی پتەوترکردنی ئابووری.
بەپێی راگەیەندراوەکە لای خۆیەوە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستان، کەمال ئەتروشی ئامادەیی وەزارتەکەی بۆ ھاریکاری و گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نیشانداوە، ئەوەیش لە پێناو پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا بۆ گەشەپێدان بە پیشەسازی نەوت.