Hemn Baban
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
هەولێر
لەو كۆنفڕاسەدا چەندین ئامار و داتا خرانەڕوو و بەشداربووان بە گرنگییەوە باسی شەفافبوونی كەرتی وزەیان لە هەرێمی كوردستان دەكرد.
ئەمڕۆ لە هۆتێل چوارچرا لە شاری هەولێر رێكخراوی ئاشتی و ئازادی لە كوردستان بەهاوكاری رێكخراوی فریاگوزاری میللی نەرویژی كۆنفڕانسی رۆڵی كۆمەڵگەی مەدەنی لە چەسپاندنی شەفافییەت لە بواری سامانەکانی سرووشتی دەست پێ كرد كە بڕیارە هەتا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت.
لەو كۆنفڕانسەدا كە ژمارەیەك پەرلەمانتار و پسپۆڕ و شارەزایانی كەرتی وزە و ژمارەیەك لە نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەببوون تیشك خرایەسەر پرسی شەفافییەت لە پرسی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوەکانی سرووشتی پەرلەمانی كوردستان د.شێركۆ جەودەت لە دەستپێكی كۆنفڕانسەكەدا تیشكی خستەسەر گرنگیی شەفافبوونی كەرتی وزە لە هەرێم و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە سێ كوچكەی سەرەكی بۆ حوكمڕانی هەن ئەوانیش سێ دەسەڵاتەكەیە، باسی لەوەشكرد كە پەرلەمانی كوردستان یاسای دەركردووە بۆ شەفافكردنی كەرتەكە و لە دەركردنی یاسای دیكەشدا بووە بەڵام بارودۆخی هەرێم و گۆڕانكارییەکانی نێوخۆیی ئەمدواییە وایان كرد ئەو كارانە رابگیرێن و پەرلەمان نەتوانێت وەكو پێویست كارەكانی بكات.
ئەو گوتیشی: "هێشتا كەرتی وزە لەهەرێمی كوردستان وەكو پێویست شەفاف نییە و ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستان لەكاری بەردەوام بووین پێشتر بۆ ئەوەی بگەین بەزانیاریی و شەفافییەتی زیاتر لەو كەرتە، چونكە یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكانی لە پیشەسازیی دەرهێناندا".
ئەندامی لێژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان د.فرسەت سۆفی لەم بارەیەوە روونی كردەوە كە هەوڵی جیددی دەدەن بۆ ئەوەی ئەو كەرتە زیاتر بەرەو شەفافییەت بچێت، چ لە رووی داهاتەوە بێت یان لە رووی هەناردەكردن و دۆزینەوە و بەرهەمهێنان و سەرجەم پرۆسەكانی دیكەی پیشەسازیی دەرهێناوەكاندا.
د.فرسەت سۆفی دەڵێت: "ئێمە لە ماوەی رابردوودا چەندین كاری باشمان كرد لە پێناو ئەوەی وەزارەتی سامانەکانی سرووشتی زیاتر هەماهەنگییمان هەبێت و زانیاری و راپۆرتی باشمان هەبێت لەسەر پرۆسەكانی نەوت و بە نموونە پاش ئەوەی زانیارییمان لەسەر جووڵەی تانكەرەكان وەرگرت داوامان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان كرد ئەوەش روون بكاتەوە بۆ خەڵك، پاشان راپۆرتی جووڵەی تانكەرەكان بڵاو كرایەوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تیشكی خستووەتە سەر ئەو پرسە و ئومێدەوارین بەردەوام بێت".
سەرپەرشتیاری كۆنفڕانسەكە بیلال سەعید لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە پێشتر قۆناغێكیان هەبووە لە چوارچێوەی پرۆژەیەكدا بۆ پێگەیاندنی راهێنەران لە بواری وزە و ئەو كۆنفڕانسەش دەچێتە چوارچێوەی قۆناغی دووەمەوە، گوتیشی: "دەبێت كەرتی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان زیاتر شەفاف تر بێت، بەتایبەت دەبێت هەرێمی كوردستان بچێتە راپۆرتی دەستپێشخەریی نێودەوڵەتی بۆ شەفافییەت لە بواری پیشەسازییە دەرهاتووەكان و ئەوە سوودی گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە چونكە بەپێی زانیارییەكان ئەو دەستپێشخەرییە بەنیازە راپۆرت و ئامار و داتای دەزگەكانی راگەیاندن بڵاو بكاتەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئامادە نەبێت زانیارییەكانی لەم بارەیەوە بۆ بخاتەڕوو".
ئەو لە کۆتاییدا گوتی: "لەم كۆنفڕانسەدا ژمارەیەكی زۆر پسپۆڕ و پەرلەمانتار و كەسانی شارەزا لە بواری نەوت و غاز بەشدارن و بە ئومێدین بگەینە ئەنجامی ئەوەی بتوانین هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە كەرتی وزە پێش بکەوێت".