Salim Hemexan
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
هەڵەبجە
وشكە فرۆشێكی نێو بازاڕی هەڵەبجە ئارام حاجی حسێن لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئادۆڵۆ گوتی: "لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما خواست لەسەر زۆرینەی خواردنە میللیەكان زیاد دەكات بەتایبەتی دۆینە و شێلم، ئەمەش بەگوێرەی ئەو فرۆشە زیادەیە بەراورد بەخواردنەكانی تر و كاتەكانی تر كە شێلم و دۆینە هەیانە".
دۆینە و شێلم دوو خۆراكی كوردەوارین كە لە هاوین و پاییزدا بەسوودوەرگرتن لە دۆی خەست و بڕوێش یەكەمیان و بە بەكارهێنانی سەلكی شێلم و بڕوێش دووەمیان دروست دەكرێت و پاش گرتنەوە و شێلانیان بە سەلكی بچووك بچووك جیا دەكرێنە و دەخرێنە بەرخۆر تا وشك دەبن، دواتر بۆ وەرزی زستان هەڵدەگیرێن و لە كاتی سەرما و سۆڵەدا دەخورێن.
ئەو وشكە فرۆشەی نێو بازاڕی هەڵەبجە هەروەها گوتی: "جاران ئەم جۆرە خۆراكانە لەلایەن هاووڵاتییانەوە خۆیان و دەورووبەریان دروست دەكرا و بۆ وەرزی زستان هەڵدەگیرا، بەڵام ئێستا دروستكردنی دۆینە و شێلم كەمتر بووەتەوە لە جاران و هەر كەسێك ئارەزووری خواردنیان بكات، لە بازاڕدا دەیكڕێت".
ئاریان محەممەد پزیشكی پسپۆڕ، لەبارەی هۆكاری بەرزبوونەوەی خواستی هاووڵاتییان لەسەر ئەم جۆرە خۆراكانە و بەتایبەتی شێلم و دۆینە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "شێلم یەكێكە لەو خواردنە كوردەواریانەی هاووڵاتییان لە زستاندا بەكاری دەهێنن، ئەمەش بۆ بوونی مادە وزەیەكی زۆر دەگەڕێتەوە لە نێو ئەو خۆراكەدا، وێڕای ئەوەی چێژێكی خۆیی هەیە و گەرمییەكی باشیش لەم وەرزەدا دەبەخشێت، ئەمە جگە لەوەی سوودێكی زۆری هەیە بۆ چالاككردنی توانای سەرجێی مرۆڤ".
سەبارەت بە دۆینەش ئەو پزیشكە گوتی: "بەو پێیەی هاووڵاتییانی ئێمە دۆینە لەگەڵ كەرێ یان رۆنی ئاژەڵ بەكار دەهێنن كە ئەو مادانەش چەورین و هەڵگری زۆرترین وزە و گەرمین بۆ لەش، ئەوەش لە وەرزی زستاندا سوودمەندە بۆیان".
حاجی حسەین كە زۆرترین جۆری خۆراكە میللیەكان لە فرۆشگەكەیدا دەست دەكەوێت لەبارەی ئەو دوو جۆرە خۆراكەوە لە کۆتاییدا گوتی: "دۆینە بەتەنها چاك دەكرێت و بەرۆنی خۆماڵیەوە دەخورێت، بەڵام شێلم نۆك و نیسك و ماش و هەندێك كەسیش كاكڵەی گوێز یان بادەم یان مێوژی تێدەكەن، ئەوە جگە لەوەی بەشێكی هاووڵاتییان گۆشتی تێدەكەن".