Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
لەسەر بریاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەر لە هاتنی وەرزی زستان دەستی پێ کرد و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راسپێردراوە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە باشترین کوالێتی دابین بکات.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئەم بڕیارەى مەسرور بارزانی دواى ئەوە دێت کە خەریکە وەزرى سەرما و سۆڵە دەست پێ دەکات و هەتا دێت نەرخى نەوتیش لە دونیادا بەرزتر دەبێتەوە.
بەپێى بڕیارەکە، لە قۆناغی یەکەمدا ١٠ ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە دابین کراوە و دابەشکردنی نەوتی سپیش لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی پێ کردووە کە هەر خێزانێك، ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە بڕی ٥٥ هەزار دینار پێ دەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەپێی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دابەشکردنی نەوتى سپیى بە سێ قۆناغ دەبێت کە قۆناغى یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکان، قۆناغى دووەم لە دەوروبەرى شارەکان و قۆناغى سێیەم لە نێو شارەکان دەبێت.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە پشکى پارێزگای هەولێر ٤٧.٥ ملیۆن لیتر، پارێزگای سلێمانی ٢٩.٦ ملیۆن لیتر، پارێزگای دهۆک: ٢٣ ملیۆن لیتر و پارێزگای هەڵەبجە ٤.٥ ملیۆن لیتر لەو رێژە نەوتە سپییە دیارى کراوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەو بڕە نەوتە سپییەى کە تا ئێستا بۆ پارێزگاکان نێردراوە خراوەتەڕوو کە لە پارێزگاى هەولێر چوار ملیۆن و ٣٢٩ هەزار لیتر، پارێزگاى دهۆک سێ ملیۆن و ٤٢٩ هەزار لیتر هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە دوو ملیۆن و ٤٧٨ هەزار لیترە.