ئابووری, عێراق

"هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت"

Heman Hussein Yaseen  | 23.04.2024 - نوێکردنەوە : 24.04.2024
"هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت"

Arbil

هەولێر -AA

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ئاگاداری ئەو لێدوانە فەرمییانەیە کە لەم دواییانەدا لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فێدڕاڵی عێراقەوە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم خراوەتە ڕوو.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە: "ئەو لێدوانانە هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بە تایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە "بەردەوامە لە پێداگری لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا بە زووترین کات، لە هەمانکاتدا پابەندە بە بڕگەکانی دەستوور و یاساکە"، بەڵام گرێبەستە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی حکوومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حکوومەتی فێدڕاڵ یان وەزارەتی نەوتی فێدڕاڵییەوە پەسەند نەکراون، چونکە بنەمای دەستووری و یاسایی دروستیان نییە".

ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەزارەتی نەوتی عێراق باش دەزانێت، هیچ بڕگەیەک لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا نییە کە دەسەڵات بە حکوومەتی فێدڕاڵی عێراق بدات بۆ "پەسەندکردنی" ئەو گرێبەستانەی کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەرکراون.

باس لەوەشکراوە کە بنەمای یاسایی ئەو گرێبەستە نەوتییانە، یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستانە لە ساڵی ٢٠٠٧، بە کۆی دەنگ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان-عێراقەوە پەسەند کراوە. ئەم یاسایەی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن پارێزەرانی باڵای دەستووری و نێودەوڵەتیی جیهانەوە دانیان پێ دانراوە کە بنەمایەکی تۆکمەی لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا هەیە. ئەو پارێزەرانەش بریتین لە پڕۆفیسۆری کۆچکردوو جەیمس کراوفۆرد، دادوەری دادگای نێودەوڵەتی، و لەم دوایانەدا سەرۆکی پێشووی دادگای نێودەوڵەتی دادوەر ستیڤن شوبێل، هەر دوو پارێزەرەکە بۆچوونی خۆیان بڵاو کردووەتەوە. ئەم بۆچوونانە بە شێوەیەکی دروست بوونەتە بنەمای تەواوی وەبەرهێنانەکان کە کۆی گشتیی سەدان ملیار دۆلارە، کە بەشێکی بەرچاوی لە وەبەرهێنە ڕۆژئاواییەکانەوە هاتووەتە ھەرێمی کوردستانی عێراق.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاندووە کە لە بەرامبەردا، وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا پشت بە بڕیارێک دەبەستێت کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن لیژنەیەک یاخود کۆمەڵێک لە ڕاسپێردراوی سیاسی لە بەغدا دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە یاسای ٢٠٠٧ی حکوومەتی هەرێم نادەستوورییە. لە کاتێکدا کە وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی ئەو لیژنەیە بە "دادگای باڵای فێدڕاڵی" ناو دەبات، هەمووان دەزانن کە شتێکی لەو جۆرە نییە. ئەو بەناو "دادگایە" بەپێی بڕگە پەیوەندیدارەکانی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ دانەمەزراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئاشکرایە کە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنانەت قسە لەسەر شەرعیەتی ئەو لیژنەیە ناکات. هەر وەک چاوەڕوان دەکرا ئەو "بڕیارە"ی شوباتی ٢٠٢٢ی ئەو لیژنە سیاسییە وەک بڕیارەکانی سەردەمی سەددامە کە لەسەری دیزاین کراوە، تەنانەت هیچ تێگەیشتنێکی یاسایی بنەڕەتی نییە. بۆتە جێی شەرمەزاری بۆ خەڵکی عێراق".

ئاشکراش کراوە کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێم هەر زوو لەگەڵ دەرچوونی ئەو "بڕیارە" ئەم ڕاستییە ڕوونەی ئاشکرا کرد و دواتر دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریی حکوومەتی هەرێمیش بەدوایدا هەمان ڕاستییان ئاشکرا کرد. دەسەڵاتی دادوەریی حکوومەتی هەرێم بە شێوەیەکی دروست پێکهێنراوە، بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ وەک بڕیاری دادگایەک ناناسێت هەروەها ئاشکرایە کە پەرلەمانی عێراق بە پێچەوانەی پەرلەمانی کوردستان-عێراقەوە تا ئێستا یاسایەکی نەوت و غازی دەرنەکردووە کە لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا بگونجێت. لە ڕاستیدا، حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە، یان ئامادە نییە هیچ یاسایەکی نەوت و غاز دەربکات. کەرتی نەوتی حکوومەتی عێراق پڕە لە گەندەڵی و زیادەڕەوی لە مەرکەزییەت و نەبوونی شەرعیەت، لە ئێستادا پشت بە فەرمانە بەسەرچووەکانی ڕژێمی سەددام حوسێن دەبەستێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ دامەزراوەیەکی فێدڕاڵی عێراق بە هیچ "دادگا"یەکەوە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان یاساکانی حکوومەتی هەرێمی نییە

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە: "لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، هەر دوو شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆبوونەوە، بەبێ ئەوەی زیان بە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بگەیەنین و لەسەر مەرجەکانی یاسای بودجەی فێدڕاڵی ڕێککەوتن کە باس لە بابەتی تەکنیکی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات لە هەرێمی کوردستان. لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان بوو کە یاساکە جێبەجێ دەکرێت و هەناردەکردن بەبێ دواکەوتنی زیاتر دەست پێ دەکاتەوە".

وەزارەتەکە جەختیش لە هاندانی حکوومەتی عێراق دەکاتەوە لەمبارەیەو هەروەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە هانی حکوومەتی عێراق دەدەین پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی مانگی یەک و ئاسانکاری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. هیچ پاساوێک نییە، نە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق بەربەست بخاتە بەردەم هەناردەکردنی نەوت. ئەو هەناردەکردنانە بۆ خۆشگوزەرانیی هەموو گەلانی عێراق گرنگن. هەروەها بۆ ئاشتی و ئاسایشی وزەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گرنگن، لە هەمان کاتدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردن و هاندانی جێبەجێکردنی یاسا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکپارچەیی و سەربەخۆیی و دەسەڵاتی دەستووریی دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت. یاسای نەوت و غازی ٢٠٠٧ی هەرێم و هەموو یاساکانی حکوومەتی هەرێم بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن. حکوومەتی هەرێم وەک هەمیشە دەستووری ٢٠٠٥ دەپارێزێت و یاسای ساڵی ٢٠٠٧ بەرز ڕادەگرێت و پابەند دەبێت بە مەرجەکانی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی ئەو یاسایە کراوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın