Aşkın Kıyağan
13 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2022
ڤیەننا - AA
بەهۆی کێشەی وزەوە کە دوای جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ئەورووپا سەری هەڵدا، نەمسا و ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژوو کرد لەبارەی هاریکاری بۆ تێپەڕاندنی ئەگەری دروستبوونی قەیرانێکی گازی سروشتیی.
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا، رۆبێرت هابیک کە بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوەی فەرمی سەردانی ڤیەننای پایتەختی نەمسای کردووە، لەگەڵ وەزیری ژینگە و وزەی ئەو وڵاتە، لیۆنۆری گیویسلیر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان واژوو کرد بەمەبەستی گەرەنتی ناردنی گاز لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەرامبەر ئەگەری دروستبوونی قەیرانی گازی سروشتییدا.
رۆبێرت هابیک لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی نەمسا، ئەلێکساندەر ڤان دێر بیلین و سەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا، کارۆلین ئێدتستادلیر کۆبووەوە.
رۆبێرت هابیک ئاماژەی بەوە کرد کە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕن و پێویستە لە ئامادەباشییدا بن بەرامبەر هەموو جۆرە سیناریۆیەک و رایگەیاند ''پێویستە دەستپێوەگرانە وزە بەکاربهێنین، بۆ ئەوەش پێویستە دووبارە فێربین چۆن بە ئاگادارییەوە بەکاری بهێنین''.
گوتیشی: ''هاوکاری یەکتر دەکەین لە دابینکردنی گازی سروشتییدا. چاوەڕوانی رەواندنەوەی ئەو کێشە تەکنیکیەین کە لە هێڵی بۆری گواستنەوەی گازی سروشتیی تەوژمی باکوور١ روویداوە''.
لای خۆیەوە، سەرۆکی نەمسا، ئەلێکساندەر ڤان دێر بیلین لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەیاننامەکی سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی هاریکاری کرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشەیەی لەئێستادا لە ئارادایە و رایگەیاند ''زۆر گرنگە وڵاتانی ئەورووپا هاوکاری یەکتر بکەن بۆ گەرەنتی دابینکردنی گازی سروشتی. لەو روانگەیەشەوە نەمسا و ئەڵمانیا رێککەوتن لەسەر هارکاریکردن لە ئەگەری دروستبوونی باری لەناکاوی گازی سروشتیی''.
رێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات پشتیوانیکردن لە یەکتری لەخۆدەگرێت لە بوارەکانی بەکارهێنانی دامەزراوەکانی لە کۆگانانی گازی سروشتیی، هەمەجەنکردنی دابینکردنی گازی سروشتیی و دەستەبەرکردنی ناردنی گاز لە بۆریەکانەوە لە ئەگەری دروستبوونی کێشەی گازدا.