Mohammad Farid Mahmoud Abdullah
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2022
ئیستانبوڵ ــ AA
بەھۆی بەردەوامبوونی ھێرشەکانی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، نرخی خاوی برێنت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و ھەر بەرمیلێکی بە ١١١ دۆلار و ٢١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە ٢٠١٤وە ئەمە بۆ یەکەمجارە، نرخی خاوی برێنت ئەم بەرزبوونەوەیە، تۆمار بکات.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کۆببنەوە و ھێرشی سەربازیی رووسیا کە ئەندامێکی سەرەکیی ئۆپێک پڵەسە، بۆسەر ئۆکراینا تاوتوێ بکەن.
لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەڕێژەی ٦،٣ لەسەدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و ھەر بەرمیلێکی بە ١١١ دۆلار و ٢١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ھاوکات نرخی یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس، بەڕێژەی ٥،٧١ لەسەدا بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و ھەر بەرمیلێکی گەیشتە ١٠٩ دۆلار و ٣٠ سەنت.
مەترسی ئەوە ھەیە کە ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ببێتە ھۆی کەمبوونەوەی ھەناردەکردنی نەوت و گاز لە کاتێکدا، رووسیا لە دوای ئەمریکا بە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوت دادەندرێت.
لەئێستادا رووسیا، ١٠ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بەرھەم دەھێنێت کە لەو ژمارەیە، رۆژانە چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، جگە لەوەیش بە گەورەترین ھەناردەکاری گاز دادەندرێت کە ساڵانە ٢٣٠ ملیار مەتر سێجا گاز ھەناردە دەکات.