Firdevs Yüksel
24 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2022
ئیستانبوڵ- AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ١١٠ دۆلار و ٤٤ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوت تا ١١١ دۆلار بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ١١٠ دۆلار و پێنج سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٢٥ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی لە سەدا ٠،٣٥ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک نەوت بە ١١٠ دۆلار و ٤٤ سەنت فرۆشرایە کڕیاران.
لە هەمان کاتدا نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس، ١٠٤ دۆلار و ٨٣ سەنت بوو.
نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خستنە بازاڕی نەوت وایان کرد نرخی ئەو سووتەمەنییە کەمێک بەرز ببێتەوە.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا بۆسەر کەرتی نەوت و غازی رووسیا، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت دروست بووە. هەروەها سزا خستنە سەر ئەو ئامێرە تەکنەلۆجیانەی کە رووسیا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت پێویستی پێیە، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە.
لە لایەکی دیکەوە ئەو سەردانەی بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە مانگی تەمووزدا بۆ سعوودیە و وڵاتانی کەنداوی ئەنجامی بدات، کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست کردووە.
پێشبینی دەکرێت کە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە (ئۆپیک +) لە مانگی ئابدا بڕیار لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە گروپی (ئۆپیک +) لە کۆتا کۆبوونەوەیدا بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر پێشبینی کرابوو، لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا لە بری ٤٣٢ هەزار بەرمیل، بڕیاریدا ٦٤٨ هەزار بەرمیل، بەرهەم هێنانی نەوت زیاد بکات.
بڕیاریشە بۆ دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئابدا، گرووپەکە لە ٣٠ی حوزەیراندا کۆببێتەوە.
بە بڕوای پسپۆڕان، بەهۆی کەمی وەبەرهێنانی هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی (ئۆپیک +) و لەدەستدانی توانای رووسیا بۆ خستنەبازاڕی نەوت. سەختە گرووپەکە بتوانێت ئامانجی خۆی لە زیادکردنی بەرهەمی مانگانەدا بەدەست بهێنێت.