Ebru Şengül Cevrioğlu
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا کە دوێنێ بەهۆی پشووی کریسمسەوە داخراوبوو، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٨٥ دۆلار و ١٧ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی هەینیی نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ ٨٤ دۆلار و ٧٠ سەنت و رۆژەکەی بە ٨٤ دۆلار و ٥٠ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٣٤ەوە، بەراورد بە نرخی داخستنی لە رۆژی پێشتردا، بەڕێژەی لهسهدا ٠،٧٩ بەرزبوونەوەی بهخۆیهوه بینی و بە ٨٥ دۆلار و ١٧ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ٨٠ دۆلار و ٢٢ سەنت فرۆشرا.
خاوکردنەوەی رێکارەکانی دژبە پەتای کۆرۆنا لە چین کە بووەتەهۆی زیادبوونی چاوەڕوانییەکان بۆ بوژانەوەی خواستی بازاڕ لەسەر نەوت، هاوکات نیگەرانییەکان لەبارەی زریانی بەفر لە ئەمریکا کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی وزە دەبێت، کاریگەریان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دروستکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، دابەزینی بەهای دراوەکانی دیکە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بووەتەهۆی ئەوەی نەوت هەرزانتر بێت بۆ ئەو کڕیارانەی بە دراوی دیکە نەوت دەکڕن. ئەمەش خواستی لەسەر نەوت زیادکردووە و بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی گەردەلوولی بەفرەوە لە سەرانسەری ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٨ کەس و ملیۆنەها کەس بەهۆی گەردەلوولەکەوە بێ کارەبا بوون، هاوکات بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرمایەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە دابینکردنی نەوت کێشەی بۆ دروست بووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ئەم هەفتەیە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش سنووردار دەبێت.
لەم نێوەندەدا، رووسیا رایگەیاند کە بەرامبەر ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە بەرهەمهێنانی نەوت کەم دەکاتەوە، ئەوەیش پشتیوانی لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی دەکات.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٨٥ دۆلار و ٣٧ سەنت بۆ ٨٥ دۆلار و ٥٢ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٥ دۆلار و دوو سەنت بۆ ٨٤ دۆلار و ٨٢ سەنت بمێنێتەوە.