Ebru Şengül Cevrioğlu
22 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە - AA
نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ٩٠ دۆلار و ٤٧ سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت تا ٩٣ دۆلار و ٥٠ سەنت بەرز بووەوە و رۆژەکەی بە ٨٩ دۆلار و ٨٣ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٢٥ی بەیانی ئەمڕۆ، نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،٧١ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٩٠ دۆلار و ٤٧ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە ٨٣ دۆلار و ٤٨ سەنت فرۆشرا.
زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان بەهۆی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، نیگەرانییەکانی لە کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی نەوت زیاتر کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سازدانی سەربازیی بەشەکیی راگەیاند و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کرد، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریان دا پاکێجێکی نوێی سزا ئامادە بکەن و پشتیوانییە سەربازییەکانیشیان بۆ ئۆکراینا، زیاتر بکەن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ، وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە، تاوتوێی سەپاندنی چەند سزایەکی نوێ دەکەن کە دیارترینیان بریتییە لە دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا، زیادکردنی بەرپرسی زیاتری رووسیا بۆ لیستی ئەو کەسانەی سزایان خراوەتەسەر و قەدەغەکردنی کڕینی ئەڵماس و خشڵی گرانبەها لە رووسیا.
دوێنێ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سازدانی سەربازیی بەشەکیی راگەیاند کە تیایدا ٣٠٠ هەزار کەس وەک سەربازی یەدەگ، ئامادە دەکرێن.
لە لایەکی دیکەشەوە، زیادبوونی یەدەگەکانی نەوت و بەنزینی ئەمریکا، بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خواست لەسەر سووتەمەنی و ئەمەش رێگرە لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەدەگەکانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا، نزیکەی یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار بەرمیل، زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٣٠ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل، ئەمە لە کاتێکدا کە وا پێشبینی دەکرا دوو ملیۆن و ٣٢١ هەزار بەرمیل زیاد بکات.
هەروەها یەدەگەکانی بەنزینیش لەو قۆناغەدا، یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢١٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل.
باس لەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٩٠ دۆلار و ٧٧ سەنت بۆ ٩١ دۆلار و ١٤ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٩ دۆلار و ٦٧ سەنت بۆ ٨٨ دۆلار و ٩٤ سەنت بمێنێتەوە.