ئابووری, عێراق

مەسرور بارزانی: "ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا زیانی ٢٥ ملیار دۆلاری لێ کەوتووەتەوە"

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "لەم یەک دوو ڕۆژەدا حکوومەتی عێڕاقی شاندێک دەنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر ئەم پرسە (مووچەی مووچەخۆران)".

Heman Hussein Yaseen  | 25.06.2025 - نوێکردنەوە : 26.06.2025
مەسرور بارزانی: "ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بۆ تورکیا زیانی ٢٥ ملیار دۆلاری لێ کەوتووەتەوە"

Arbil

هەولێر -AA

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، تیشکی خستەسەر چەند تەوەرێک لەوانە کێشەی مووچەخۆران، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ڕێککەوتنەکانی واشنتۆن بۆ پەرەپێدانی وزە و چەند تەوەرێکی دیکە و ڕایگەیاند کە لە نزیکترین کاتدا شاندێکی باڵای حکوومەتی عێڕاق بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران، سەردانی هەولێر دەکەن.

- جەنگی ئێران و ئیسرائیل

لەسەرەتای کۆنگرەکەدا، لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم لەسەر جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە ١٣ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی پێکرد بوو، دوا ١٢ ڕۆژ لەسەر پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ ئاگربەستیان ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "مەترسی ھەبوو پەرەبستێنێت و ھەموو ناوچەکە بگرێتەوە، بەڵام دوای ئەوە بینیمان بە بەشداریی ئەمەریکا و دەستپێشخەریی سەرۆک ترەمپ، ئاگربەست ڕاگەیەندرا و شەڕ ڕاگیرا، ئەمە لە بەرژەوەندیی ھەموو ناوچەکەیە و ھیوادارین ببێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ھەموو ناوچەکە".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە ھەموو ھەوڵێکمان دا کە دووربین لەم شەڕ و ئاژاوەیە، ھیوادارم شەڕ بەرەو کۆتایی بڕوات و گفتوگۆ ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان و ناوچەکەی ئێمە لە جیاتی شەڕ و گرژی، بەرەوە ئاشتی و بووژانەوەی ئابووری ھەنگاو بنێت".

- کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

لەبارەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانەوە کە ماوەی ٥٥ ڕۆژ دەبێت مووچەی مانگی نیسان دابەشکراوە و مووچەخۆران لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئایاردان، مەسرور بارزانی گوتی: "بە ڕاستی زۆر زۆر پشوودرێژ بوون، زۆر ئارامیان گرت و خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەوەی کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، مووچەکانیان بە شێوەیەکی نایاسایی نەدراوە و ئەمە کارێکی نادەستوورییە و پێمان وایە کە مووچەخۆرانی ھەرێم، ھەر لە سەرەتاوە دەبووایە تێکەڵی ھیچ جۆرە کێشە و گرژییەک نەبن و ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم کێشەیەک ھەبێت، نابێت بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان تێکەڵی ئەم شتانە بکرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەندێک لایەنی ناوخۆیی سکاڵایان کرد و داوایان لە حکوومەتی فیدڕاڵی کە ڕاستەوخۆ مووچە لە بەغداوە خەرج بکرێت".

سەرۆکوەزیران گوتیشی: "من دڵنیام کە ئەم قەیرانە بەرەو تەواوبوون دەڕوات، ئێمە بە ھیچ جۆرێک واز لە ھیچ مافێکی دەستووری خەڵکی ھەرێمی کوردستان ناھێنین و بەردەوامیش دەبین. لەو ماوەی ڕابردووشدا، ڕۆژ نەبووە کە خەریک نەبووبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە. لەگەڵ دەسەڵاتداران لە بەغدا بەردەوام لە پەیوەندیدا بووین. دوێنێش خۆم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانیش قسەم کردووە کە ئێمە بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بڕۆین، ئەوانیش زۆر بە خۆشحاڵییەوە ڕایانگەیاند، ئامادەن لە ماوەیەکی زۆر زۆر نزیک، لەم یەک دوو ڕۆژەدا شاندێک بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بکەونە گفتوگۆی ڕاستەقینە لەسەر ئەم بابەتە".

- هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان گوتی: "لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەھۆی سکاڵایەکی حکوومەتی عێراق لە دژی تورکیا لە دادگایەکی پاریس ڕاگیراوە و بەھۆیەوە بە بڕی زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار زیان بەر ئابووریی بە هەرێم کەوتووە بە عێڕاقیشەوە، تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵی لە زیانە ئابوورییەکانی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوت، قەرەبووی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی نەکردووەتەوە و بەھۆی بڕیارەکەوە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیووە، کێشەی ھەناردەکردنەوەی نەوت، تەنیا لە نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکوو کۆمپانیاکانی ھەناردەکردنی نەوتیش لە کێشەکەدا بەشدارن، بۆیە دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوانیش بکرێت و مافەکانیان دەستەبەر بکرێت".

سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستە ڕوو، بەشێکی زۆری ئەو نەوتەی ئێستا لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بەرھەم دەھێنرێت، بە پێی ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵیان واژوو کراون، لە بازاڕەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا ساخ دەکرێتەوە، بەشێکی زۆریشی دەدرێتە ئەو پاڵاوگانەی بەنزین و پێداویستییەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن، ھەروەھا بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەباش تەرخان دەکرێت؛ واتا ھەر لەناوخۆی ھەرێمی کوردستاندا ساخ دەکرێتەوە".

- ڕێککەوتنەکانی وزە لە واشنتۆن

لەماوەی ڕابردوو حکوومەتی هەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوو ڕێککەوتنی لە لەگەڵ دوو کۆمپانیای بواری نەوت و وزە لە واشنتۆن واژووکرد کە بەھای گرێبەستەکان ١٠٠ ملیار دۆلارە و، لەبارەی کاردانەوەکانی حکوومەتی عێڕاق لەسەر ئەم باباتەوە، مەسرور بارزانی گوتی: "ئەو ڕێککەوتنانەی لە ئەمریکا واژوو کران، مافێکی دەستووریی و یاسایی ھەرێمی کوردستان بووە، چونکە پێشتر ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکی بوو، بەڵام نەیانتوانی بوو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکەن و ئەو دوو کۆمپانیایەی ئێستا ڕێککەوتنیان لەگەڵ واژوو کراوە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، بۆیە ڕێککەوتنەکە لە ھەموو ڕوویەکەوە یاساییە.

- پرسی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕاڵی

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو دۆخەی دادگای باڵای فیدڕاڵی کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا بوو، گوتی: "چاوەڕێمان دەکرد بڕیارێک لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە لە بەرژەوەندیی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دەربچێت، بەڵام ئێستا دادگاکە ھەڵوەشاوەتەوە. ئێستا چاومان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە کێشەی مووچە چارەسەر بکات، هەروەها دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین و ئەو شاندەی بڕیارە بۆ چارەسەکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بێنە ھەولێر، لە ئاستێکی باڵایە و تەنیا شاندێکی تەکنیکی نابێت، بەڵکو بەڵێنیان پێداوین بێن کێشەکە چارەسەر بکەن و بتوانن بڕیار بدەن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن