هەولێر - AA
جەنگی رووسیا - ئۆکراینا لێکەوتەی ئابووری و سیاسیی لەسەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر وڵاتانی جیهان داناوە، بە جۆرێک بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات (رووسیا و ئۆکراینا) سەرچاوەی بەرهەم و بەرووبوومە خۆراکییەکانن و بەشێکی زۆری وڵاتان هەروەها هەرێمی کوردستان خۆراکیان لەو دوو وڵاتە هاوردە دەکەن، بۆیە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی وەک سووتەمەنی و خۆراک بووەتەوە.
پسپۆڕێکی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا ناسەقامگیریی کاریگەری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت ئەوا ئەوکات جەمسەرگیریی دروست دەبێت و پێیوایە هێشتا عێراق هاوسەنگی خۆی راگرتووە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە حکوومەتی داهاتووی عێراق ئەوە یەکلایی دەکاتەوە کە دەچێتە بەرەی رووسیا یان بەبێ لایەنی دەمینێتەوە.
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا لەبارەی قەیرانی ئۆکراینا و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لێکەوتەکانی زۆرە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان، بێگومان لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نا سەقامگیریی زیاتر دەبێت، رەنگە جەمسەرگیریی زیاتر دروست بێت، ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت رەنگە وڵاتان ناچار بکرێن جەمسەربەندی دروست بکەن وەکو سەردەمی جەنگی سارد، شەڕی بە وەکالەتیش لە ناوچەکە دەبێت بۆ نموونە لە سووریا، عێراق، لیبیا و یەمەن، بەڵام لەسەر ئەوە دەکەوێت کە ئایا رووسیا لەم جەنگە سەردەکەوێت یان نا، ئەمانە هەموو کاریگەرییان دەبێت لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا دەشڵێت "بێگومان عێراقیش وەک بەشێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەتا ئێستا عێراق وەک بێلایەن مامەڵەی کردووە، نایەوێت ببێتە بەشێک لە کێشەکە، بەڵام ئەگەر قەیرانەکە درێژە بکێشێت یان رووسیا سەربکەوێت یان پێچەوانە بێت، بە هەموو شێوەیەک کاریگەری لەسەر دۆخەکە دەبێت، بەڵام تا ئێستا چوارچێوەیەکی خۆپارێزیییە و حکوومەتی کازمی نایەوێت ببێتە بەشێک لە کێشەکە، بەڵام دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە ئایا حکوومەتی داهاتوو چۆن دەبێت، ئەگەر حکوومەتی داهاتوو پارتی و سەدر و سوننەکان پێکی بهیێنن، ئەوا عێراق لەسەر ئەو هەڵوێستەی ئێستا بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر ئێران حکوومەتەکە پێکبهێنێت ئەوا بێگومان عێراق بە ئاراستەی پشتگیریی لە رووسیا دەچێت، ئەمەش لێکەوتەی خراپتری لەسەر عێراق دەبێت، بۆیە رەنگە ئەوکاتی ئەو شەڕە بە وەکالەتەش لە عێراق رووبدات لەلایەن ئەو گرووپە میلیشیایانەی کە پاڵپشتی لە ئێران دەکەن".
ئەو پسپۆڕە پێیوایە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا هەم دەرفەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە هەم مەترسی، پێیوایە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت جێگرەوەی رووسیا بێت لەڕووی هەناردەکردنی نەوتەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم شەڕە، هەرێمی کوردستان هەم دەرفەت و هەم مەترسی هەیە، دەرفەتەکە ئەوەیە کە لە رووی نەوتەوە سەرچاوەیەکی گرنگە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بەتایبەت ئەگەر تورکیا هاوکاربێت کە تا ئێستا تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا هەست دەکەن هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی باش".
دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا دەشڵێت "بەڵام لەلایەکی دیکەوە گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەبێت بۆ نموونە ئێستا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی دەرچووە کە دەڵێت دەبێت هەموو نەوت و گاز رادەستی حکوومەتی ناوەند بکەن و ئەمەش راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت کە فشاری زیاتری کردووەتە سەر حکوومەتی بەغدا، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بزانرێت ئەو ململانێیە لە هەرێم و بەغدا بەرەو کوێ دەچێت و هەڵوێستی تورکیا و ئەمریکا لە قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا چی دەبێت، مەترسییەکی دیکە ئەوەیە کە گوشارەکانی ئێران لەسەر هەرێم زیاتر دەبن، بە تایبەتیش ئێستا بەهۆی قەیرانی ئۆکرایناوە، ئەمریکا زۆر چاوی لەسەر عێراق نییە، ئەمەش دەرفەتی داوەتە ئێران کە گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات ئێستا ئەمریکا و وڵاتان پێویستییان بە نەوتی ئێران هەیە بۆ ئەوەی نرخەکەی دابەزێت و لەبەرامبەردا چاوپۆشی لێ دەکەن، نموونەشمان هێرشەکەی سەر هەولێرە و دواتریش هێرشەکەی سەر پاڵاوگەی کار، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا بکەین".
هاوکات پسپۆڕێکی دیکەی بواری ئاسایشی وزە ئاماژە بەوە دەکات کە ئایندەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەبێتە هۆی داڕێژەری یەکلاییبوونەوەی نەخشەی وزەی جیهانی لە پاڵ نەخشەی جیۆپۆلەتیک و پێیوایە هەرێمی کوردستان لەڕووی دابینکردنی نەوتەوە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی رووسیا، بەڵام لە رووی گازی سروشتییەوە پێویستی بەکات هەیە.
لەبارەی ئەوەی کە ئایا کەرتی وزەی حکوومەتی هەرێمی کوردساتن دەتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بێت، بە تایبەت دوای جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، لەمبارەیەوە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لەبواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی وزە، دکتۆر شاڵاو عەبدولخالق لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەرێمی کوردستان لە رووە تەکنیکییکەیەوە لە مانگی رابردوودا نزیکەی ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کرد کە هەشت ملیۆن بەرمیلی چوو بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام لەڕووی گازی سروشتییەوە پێویستی بە کاتی زیاتر هەیە، چونکە لە ئاستی ناوخۆشەوە پێویستی پێیەتی".
لەبارەی هەڕەشەکانی ئەم جەنگە بۆسەر هەرێمی کوردستان، دکتۆر شاڵاو عەبدولخالق گوتی: "هەمووی پەیوەندی بە یەکلاییکردنەوەی جەنگەکەیە، دەتوانین بڵێین ئایندەی ئەم جەنگە دەبێتە هۆی داڕێژەری یەکلاییبوونەوەی نەخشەی وزەی جیهانی لە پاڵ نەخشەی جیۆپۆلەتیک و سیاسیی دەوڵەتەکان لەم بوارەشدا کۆمەڵێک دەرفەتمان بینی، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لەگەڵ بەغدا لێکتێگەیشتنێک دروست بکات و ئەگەریش ئەوەی کرد، ئەوا ئەوکات دەبێت ئێرانییەکانیش نەوت و گازی خۆیان بهێننە ناوەوەی وڵات، بۆیە لەئیستادا هەرێمی کوردستان پێویستە چوارچێوەی جووڵەکانی بەرتەسک بکاتەوە لەبەر ئەوەی ئەو ململانێیە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا روویداوە پێدەچێت مەترسیداربێت بۆسەر هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێمی کوردستانیش وەک بینیمان لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دوبەی هەوڵیدا ئەو پەیامە ئاشتییانە بگەیەنێت کە ئێمە دەتوانین بێلایەن بین و لە رووی وزەشەوە هاوکاری هەموولایەک بین".
رۆژی ٢٤ی مانگی شوباتی رابردوو ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێ کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە.
ھاوکات ھەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەھۆی ھێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، سزای نوێی ئابووریی، داریی، گواستنەوە و وزەیان بەسەر رووسیادا سەپاند.
news_share_descriptionsubscription_contact



