Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند کە پێشنیازی کردووە، بەھای دیناری عێراقی بەڕێژەی ٢٣ لەسەدا لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١، کەمبکرێتەوە.
لەمبارەیەوە وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاوی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە بوودجەی گشتیی، ٢٠٢١دا، نرخی فرۆشتنی یەک دۆلار بە ھەزار و ٤٥٠ دینار دیاریکراوە، چونکە پشت بەستن بە نرخی پێشوو کە ھەزار و ١٨٢ دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار دیاریکرابوو، شێواوبوو و کاریگەری لەسەر رەوشی ئابووریی عێراق ھەبوو.
عەلی عەللاوی باسی لەوەشکردووە کە نرخی پێشووی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراق، زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە، چونکە پێشتر نرخی دینار بە بەراورد بە دۆلار بەرزبوو کە ئەوەیش کاریگەری خراپی لەسەر بەرھەم خۆماڵی ھەبووە و گوتی: "باشترین چارەسەر بۆ رەوشی ئابووری عێراق، ئەو نرخەیە کە لەئێستادا بۆ بەھای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار دیاریکراوە، ئەوەش وا دەکات دووبارە ھاوسەنگی لە ئابووری عێراق بەدی بێت".
چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و لە میانیدا دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ دەدات بۆ ئەوەی دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بکات تا پەسەند بکرێت.