Zana Natık Kerem
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند كە پێشبینی دەكەن لە میانی چارەكی یەكەمی ساڵی 2021دا، نرخی نەوت بگاتە سەروو 50 دۆلار.
ئێحسان عەبدولجەبار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "پێشبینی دەكەین لە میانی چارەكی یەكەمی ساڵی 2021دا، نرخی نەوت بگاتە سەروو 50 دۆلار، ئەگەر ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) چالاك نەبێتەوە".
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی یەك بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەڕێژەی یەك لەسەدا، بەرزبوونەوەی تۆماركرد و هەر بەرمیلێكی بە 46 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
هاوكات نرخی یەك بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس بەڕێژەی 0،7 لەسەدا رووی لە بەرزبوونەوە كرد و گەیشتە 43 دۆلار و 25 سەنت.
پێشتر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئیمارات (ADNOC) رایگەیاندبوو كە لە چوارچێوەی پابەندبوونی ئەبوزەبی بە رێككەوتنەكەی "ئۆپێك پڵەس" ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا، بەڕێژەی 30ی لەسەدا، كەم دەكاتەوە.