Zana Natık Kerem
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا ــ AA
حكوومەتی عێراق رایگەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەممە، مووچەی دواكەوتووی مانگی ئەیلوولی رابردووی فەرمانبەران دابەش دەكات.
پێشتر حكوومەتی عێراق لەنێوان 15 تا 26ی هەموو مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی دابەش دەكرد، بەڵام لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ یەكەمجار بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواكەوتووە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی وزارەتی دارایی دووپاتی دەكاتەوە كە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دابەشكردنی مووچەی دواكەوتووی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەران دەستپێدەكات و لە رۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "فشاری ئێستای دارایی لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت، چونكە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی وڵات نەوتە کە ئەوەیش لەژێر كاریگەری بەردەوامی دابەزینی خواستی جیهانیی و بڵابوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) دایە".
لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، كۆی گشتیی داهاتی نەوت لە عێراق، سێ ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بوو لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق پێویستی بە پێنج ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش بكات كە ژمارەیان چوار ملیۆن و 500 هەزار فەرمانبەرە.
هاوكات دواكەوتنی مووچەی مانگی ئەیلوولی رابردوو، توڕەیی فەرمانبەران و خانەنشینانی دژبە حكوومەتی عێراق بە دوای خۆی هێناوە و لەمبارەیەوە هاووڵاتییان لە بەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، پارتە دەسەڵاتدارەكانیان بەوە تۆمەتبار كرد كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو، ئابووری عێراقیان وێرانكردووە، هەروەها سەرجەم سەرچاوەكانی داهاتی غەیرە نەوتی وەك كشتوكاڵ، پیشەسازی و بازرگانیان پەكخستووە.
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق دژبە گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار بەڕێوەچوون و بەوهۆیەوە حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.