Heman Hussein Yaseen
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرەڕای بوونی چەندین کۆمپانیای خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ماوەی مانگێک دەبێت ھاووڵاتییان لە کوالێتی ئینتەرنێت ناڕازین و بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کاروان رەزا ئەحمەد رایدەگەیەنێت کە تا ئێستا ھیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ھەر سکاڵایەک ھەبێت بەدوادچوونی بۆ دەکەن.
بۆ وەرگرتن و گواستنەوەی ئینتەرنێت بۆ ھاووڵاتییان، جۆرەکانی بە سیم یان بێ سیم، واتا یان لەڕێگای شەپۆلە کارۆ موگناتیسییەکانە یان لەڕێگای کێبڵ، یان ئەی دی ئێس ئێڵ دەگات بە ھاووڵاتییان، لەگەڵ ئەوەیشدا لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، دەتواندرێت ئینتەرنێت بە شێوازی فایبەر تو ھۆم بگات بە ھاووڵاتییان.
لە ھەرێمی کوردستان ٤٥ کۆمپانیای ئینتەرنێت سیستەمی وای فای-یان ھەیە و ژمارەیەک لەوانە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کار دەکەن، ھەروەھا بۆ سیستەمی ئێڵ تی لە ھەرێمی کوردستان چوار کۆمپانیا کار دەکات کە دوو لەوانە لە سەرتاسەری ھەرێم کار دەکەن کە بریتیین لە نەورۆز و فاستلینک، دووانیشیان کە تیشک نێت لە سلێمانی و ھەولێرن، گۆڕان نێت تەنھا لە سلێمانی، ھەڵەبجە و گەرمیان و ئەو ناوچانە کارایە، ھەروەھا فایبەر تو ھۆم لە ھەولێر و دھۆک کۆمپانیای نۆرتێلە، لەناو شاری سلێمانی-یش کۆمپانیای کوردتێلە، لە قەزا و ناحیەکانیش کۆمپانیای ئۆپت ئای کیو کار دەکات، بەڵام ماوەیەکە ھاووڵاتییان رەخنە لە کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دەگرن بەھۆی خراپی کوالێتی ھێڵەکانەوە.
خاوەن شوێنکارێک لە بازاڕی شاری ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەتا کوالێتی ھێڵەکان زۆر باش دەبێت، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆ ساغکردنەوەی ئامێر و سیمکارتی دیکە، هێڵەکان زۆر خراپ دەبن و کۆمپانیایەکی دیکە دادەمەزرێت و ناچاردەبین ببین بە ھاوبەشی کۆمپانیا نوێیەکە.
خاوەن شوێنکار، نەجات تاھیر گلەیی لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەکات و دەڵێت "من ئینتەرنێتی جۆری کێبڵ بەکاردەهێنم. لە سەرەتای ھاتنی ھێڵکەوە من بەکاریدەھێنم، سەرەتا کوالێتی ھێڵەکە باش بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کوالێتی لەدەستدا، بۆ نموونە پێشتر کارتێکی ٣٩ ھەزار دیناری، ١٥ گێگا بایتی ئینتەرنێتی دەدا، بەڵام ئێستا ئۆفەرێکی دیکەی ھەیە، ئەویش کارتی ٢٥ ھەزار دیناری کردووەتە ٣٩ گێگابایت، بەڵام ئەویش بەکارنایەت و ناتوانی ڤیدیۆ بکەیتەوە".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا سکاڵای تۆمار کردووە، نەجات تاهیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سکاڵا لە کێ بکەین؟ من سکاڵا بکەم، کۆمپانیاکە ٢٠ پارێزەری ھەیە و توانای رووبەڕووبوونەوەیم نییە، زۆربەی کۆمپانیاکان رووپێوییان لەسەر رووبەر کردووە نەوەک ژمارەی بەشداربووان، کاتی شەوانەش ھێڵی ئینتەرنێت زۆر خراپە و سیستەمەکەش وایە کە رێژەی بەشداربووان سنووردارە و زۆر زیاتر لەو رێژەیە فشار دەخەنە سەر ھێڵەکە بەوەش کوالێتی لەدەست دەدات".
ئەو خاوەن شوێنکارە پێیوایە کە کۆمپانیاکان هەموویان وەکو یەکتروان و لەمبارەیەوە دەڵێت "ھیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان کۆمپانیاکان و ھەمووی یەک سەرچاوەیە، چەندین کۆمپانیا ھەیە دوای ماوەیەک تەنها ناوەکەی دەگۆڕدرێت کەچی خۆی ھەمان کۆمپانیای پێشووترە".
وەستایەکی چاککردنەوەی مۆبایل کە بەردەوام پێویستی بە ئینتەرنێت هەیە ئاماژە بەوە دەکات کە هەردوو جۆری ئینتەرنێتیی کێبڵ و وای فای بەکاردەهێنێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێڵەکان بەتەواوی خراپ بوون و کوالێتییان نەماوە.
وەستا محەمەد جەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من کلێبڵ و وای فای بەکاردەهێنم ماوەی شەش مانگ دەبێت هێڵەکان بەتەواوی تێکچوون، کوالێتی ئینتەرنێتەکە بەرامبەر پارەی کارتەکە نییە و زۆر کەمترە".
ناوبراو پێی وایە یاریی پەپجی کاریگەری کردووەتە سەر خێرایی هێڵەکانی ئینتەرنێت و لەمبارەیەوە گوتی: "یاریی پەپجی کاریگەری لەسەر کوالێتی هێڵەکانی ئینتەرنێت هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جار پەیوەندی بە کۆمپانیاوە دەکەین ئەوان دەڵێن، لەلای ئێمە هیچ کێشەیەکی نییە و نایەن بە دەممانەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستان، کاروان رەزا ئەحمەد رایدەگەیەنێت کە کەس نەهاتووەتە لای ئەوان بۆ سکاڵاکردن و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر سکاڵا هەبێت ئەوا بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
کاروان رەزا ئەحمەد لەبارەی گلەیی هاووڵاتییان لە کوالێتی هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا هیچ سکاڵایەک نەهاتووەتە لای ئێمە، لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، جەنابی وەزیر ژمارەیەکی بڵاوکردەوە بۆ سکاڵاکردن، بەڵام کاتێک هاووڵاتییان سکاڵا نەکەن، ئێمە چ بەدواداچوونێک بکەین، چونکە دەبێت شوێن و ناوی کۆمپانیاکە بزانین".
لەماوەی رابردوودا، زۆرترین گلەیی لە خراپی ھێڵەکانی ئینتەرنێت لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندا ھەبوو، سەبارەت بەم پرسەیش بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن ئاشکرای دەکات کە زۆرکەس خۆیان بە خاوەن پڕۆژەکە دەزانن و رێگاش نادەن ھێڵی فایبەر تو ھۆم بچێتە ناو پڕۆژەکەوە و گوتی: "ئەو جۆرە کەسانەی خۆیان کردووە بە خاوەنی ئەم کۆمەڵگایانە و زۆربەیان ھەر ناھێڵن فایبەرەکەش بچیتە ئەوێ، بەداخەوە خۆزگە لە ھەرێمی کوردستان ئەم کێشەیە چارەسەر بکرابووایە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان، چونکە کۆمەڵگاکانیش وەک گەڕەکەکان مافیان هەیە، هەروەها دەبێت لە دەوری پڕۆژەکان وایەرلێس هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانەی وای فای بەکاردەهێنن بتوانن سوود لە ئینتەرنێت وەرگرن، بەڵام رێگرییەکی نایاسایی هەیە لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و داوامان لە وەبەرهێنان و وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە کێشەکە چارەسەر بکەن".
لەبارەی ژمارەی بەکارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتی: "ئەگەر بە گریمانە بڵێین ھەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن کەسە، ئەوا دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بەکارھێنەری ئینتەرنێتە، چونکە ھەموو ھاووڵاتییەک مۆبایلی پێیە و ھەموو منداڵێک مۆبایلێکی بۆ کڕدراوە و بەگشتی دەتوانین بڵێین سەدا ٥٠ بۆ ٥٥ی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بەکارھێنەری ئینتەرنێتن".
سیستەمی بەرەوپێشەوەچوونی مەودا درێژ (Long Term Evolution)، نوێترین سیستەمی ئینتەرنێتە کە لەدوای 3G کەوتووەتە کار بەجۆرێک خێراییەکەی ١٠ هێندەی 3G مەزەندە دەکرێت، ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات و بەشێکیش لە هاووڵاتییان لە خێراییەکەی ناڕازاین.