Ahmet Dursun
24 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لەو خۆپیشاندانانەی لە ١٥ی تەمووزەوە تا ئێستا لە پارێزگای خوزستان رۆژئاوای ئێران دژبە نەبوونی ئاو بەردەوامە، نۆ کەس کوژراون و ١٠٢ کەسیش لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکراون، ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە لە هەندێک شوێنی پارێزگاکەدا، کارەبا و هێڵی ئینتەرنێتیش نەماوە.
ئاژانسی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی ئێران (HRANA)، ناوی ئەو ١٠٢ کەسەی بڵاوکردوەتەوە کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی دژبە پچڕانی ئاو لە پارێزگای خوزستان دەستگیرکراون.
بەپێی ئەوە، دوو منداڵ لەنێو ئەو کەسانەدان کە دەستگیرکراون، هەروەها ئاژانسەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە تا ئێستا لەو خۆپیشاندانانەدا، نۆ کەس کوژراون، بەڵام پۆلیس باس لە کوژرانی پێنج خۆپیشاندەر دەکات لەگەڵ یەک پۆلیس کە بە تەقەی گرووپە شەڕەنگێزەکان کوژراوە.
لەلایەکی دیکەوە، لەو هەواڵانەی لە راگەیاندنی ئەو وڵاتەدا بڵاوکراونەتەوە، باس لەوە دەکرێت کە نۆ شەوە، خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە و لە زۆر شوێنی پارێزگای خوزستاندا، هێڵی مۆبایل و ئینتەرنێتی جێگیر بڕاوە و لە هەندێک شوێنیش کارەبا بڕاوە.
هاوکات Netblocks کە چاودێری هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات لە جیهاندا، باس لەوە دەکات کە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خوزستان، پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران بەربڵاوبووە.
رۆژنامەی پەیامی مە لە هەواڵێکیدا پچڕانی ئینتەرنێتی لە پارێزگای خوزستان پشتڕاست کردەوە و هۆکارەکەی بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندەوە و باسی لەوە کرد کە بەرپرسان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان.