Zana Natık Kerem
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە گرنگی زۆر بە کەرتی کارەبا دەدەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرھەمھێنان، گواستنەوە و دابەشکردن.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "جەنەرال ئەلیکتریک"ی ئەمریکی ئێریک گرای و شاندی یاوەری.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە گرنگی زیاتر بە کەرتی کارەبا دەدەن بە تایبەتی لە کەرتەکانی گواستنەوە، دابەشکردن و بەرھەمھێناندا و داوای لە کۆمپانیای ناوبراو کردووە کە ھاوکاری وەزارەتی کارەبا بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو کەرتانەی کە ئاماژەیان پێکراوە.
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھەوڵدەدەن بەفیڕۆچوونی غازی ھاوەڵ چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا سوودی لێ وەربگرن.
لای خۆیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "جەنەرال ئەلیکتریک"ی ئەمریکی، ئێریک گرای لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لەو پڕۆژانە کردووە کە لە عێراق ئەنجامی دەدەن و راگەیاندووە کە کۆمپانیاکەیان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ عێراقدا واژوویان کردووە.
کۆمپانیای "جەنەرال ئەلیکتریک"ی ئەمریکی، لە بواری وزەدا کار دەکات و لە ساڵی ٢٠١٨وە، بەپێی گرێبەستێک کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژووی کردووە، کاری وەبەرھێنان لە وزە دەکات.