Mehmet Yusuf Melikoğlu,Kaan Bozdoğan
17 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2023
ئیستانبوڵ – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "ناوەندی دارایی لە ئیستانبوڵ خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ کیشوەرە، ئیکۆسیستەمێکی دارایی نوێ دروست دەکات. وەک چۆن لە مێژوودا ئیستانبوڵ ناوەندی دارایی ئەم وڵاتە بوو، ئێستاش سەرلەنوێ ئەم ئەرکە دەگرێتەوە دەست".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی دارایی ئیستانبوڵ گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی کردنەوەی ناوەندی دارایی ئیستانبوڵ، گوتی: "ئەم ناوەندە لە ئیستانبوڵ کە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ کیشوەرە، ئیکۆسیستەمێکی دارایی نوێ دروست دەکات. وەک چۆن لە مێژوودا ئیستانبوڵ ناوەندی دارایی ئەم وڵاتە بوو، ئێستاش سەرلەنوێ ئەم ئەرکە دەگرێتەوە دەست، خێرداربێت".
ئەردۆغان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە ناوەندی دارایی ئیستانبوڵ، لە رێگای دەستکردن بە چالاکییەکانی دامەزراوە دارایی ناوخۆیی و بیانییەکان رۆڵ دەگێڕێت لە گەشەی ئابووری تورکیادا، گوتی: "لە ساڵانی ئایندەدا زیاتر تێدەگەین لە بەهای بنەڕەتی ئەم ناوەندە کە چەندە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە''.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار، گوتی: "نەک تەنها لە نێوان پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەتییەکان، بەڵکو لە نێوان دوو بیروڕای جیاوازیشدا بڕیارێکی گرنگ دەدەین. دەرکەوتووە ئۆپۆزسیۆن هیچ دیدگایەکی نییە بۆ بەڕێوەبردنی تورکیا و هێنانەدی خەون و ئامانجەکانی گەل و وڵات".
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە گەلی تورکیا هەرگیز لەبیری ناچێت کەمال کڵچدارئۆغڵو کە بەڵێنی خەیاڵاوی دەدات، لە رابردوودا چی بەسەر دامەزراوەی بیمە کۆمەڵایەتییەکاندا هێنا و ئاداری بەسەر پادارییەوە نەهێشت، گوتی: "گوایا ٣٠٠ ملیار دۆلار لە بەریتانیاوە دەگەڕێنێتەوە. وا دیارە لەگەڵ سووخۆران کۆبووەتەوە و رێککەوتووە. ئەوان بەڵێنی پووچیان پێی داوە. ئەم وڵاتە بۆ ئەوانە جێ ناهێڵین کە گەورەترین پڕۆژەیان رووخاندن، رێگەگرتن و راگرتنە".
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان هەروەها گوتیشی: ''وەک سیاسەتمەدارێک کە ٤٠ ساڵی تەمەنی لە گۆڕەپانەکان بەسەر بردووە و زمانی ئەو گۆڕەپانانە دەخوێنێتەوە، بچووکترین گومانم لە سندوقی دەنگدان نییە''.