Alper Şaşmaz
21 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو تابلۆ یەکگرتووەی وەک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نیشانمانداوە بە بەهادار دەبینم. دۆزی قوبرس تەنیا هی ئێمە نییە، دۆزی ٨٥ ملیۆن کەسە".
لە میانی گەڕانەوەی لە نیکۆسیای پایتەختی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە یادی ٥٠هەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی ئاشتیی قوبرس سەردانی کردبوو، سەرکۆمار لە ناو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هەڵوێستی لایەنەکانی تورکیا کرد لە بارەی پرسی قوبرس و ڕایگەیاند: "ئەو تابلۆ یەکگرتووەی وەک دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نیشانمانداوە بە بەهادار دەبینم. دۆزی قوبرس تەنیا هی ئێمە نییە، دۆزی ٨٥ ملیۆن کەسە".
سەبارەت بە پرسی قوبرس، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەبێ دانانی هاوکێشەیەک کە هەردوو لایەن بە یەکسانی لە دەوری کۆببنەوە، دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی دانوستان بە گونجاو نابینین".
ڕاشیگەیاند: "پێویستە خۆبەدووربگیرێت لەو هەنگاوانەی دەبنەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان. بوونە هاوبەشی ئەو کۆمەڵکوژیانەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدات سوودی بۆ ڕۆمەکان و یۆنان نییە".
لە بارەی هەوڵی یۆنان بۆ دامەزراندنی بنکەی دەریایی لە قوبرس، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەگەر پێویست بکات بنکەی دەریایی و پێکهاتە دەریاییەکان لە باکوور دروست دەکەین، ئێمەش دەریامان هەیە".
گوتیشی: "لە دوورگەکەدا بینای سەرۆکایەتی کۆماری قوبرسی باکوور و بینای پەرلەمانی قوبرسی باکوور بنیات دەنێین. ئەوان بنکەی سەربازیی دروست دەکەن، ئێمە بنکەی سیاسیی دروست دەکەین".
سەبارەت بە گوتەکانی وەزیری بەرگریی یۆنان دێندیاس لە بارەی تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "گوتەیەکی لەوە بێئەدەبانەتر نییە کە گوتوویەتی تورکەکان داگیرکەرن. پێویستە بەڕێز میچۆتاکیس سنوورێکی بۆ دابنێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان، لە بارەی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی داد ڕایگەیاند: "هیوادارم ئەمە و ئەو بڕیارانەی لەمەوپێش دەرکران و لەلایەن ئیسرائیلەوە جێبەجێ نەکران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا هۆشیاریەک دروست بکات".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە کەشتییەکی سەکۆی کارپێکردنی غازیان کڕیوە کە درێژییەکەی ٣٠٠ مەتر و پانی ٥٨ مەترە بەمەبەستی بەکارهێنان لە کێڵگەی غازی ساکاریا بۆ بەرهەمهێنانی غاز.
ڕاشیگەیاند: "ئەو سەکۆیە کە غازی سروشتی بۆ پێنج ملیۆن ماڵ بەرهەم دەهێنێت ١٥-٢٠ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. هاوشێوەی بنکەیەک. هەفتەی داهاتوو بەڕێدەکەوێت و دێت بۆ تورکیا".