Merve Yıldızalp
21 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی گەڕانەوەی لە نیکۆسیای پایتەختی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە یادی ٥٠هەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی ئاشتیی قوبرس سەردانی کردبوو، لە ناو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی کە "وەزارەتی بەرگریی ماوەیەکی زۆرە بە دروشمی 'قفڵەکە دادەخرێت' باس لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری عێراق دەکات. ئێوەش ناو بە ناو ئاماژەتان بەوە کردووە کە کۆتایی بە بوونی پەکەکە لە باکووری عێراق دەهێنن. لەم بابەتەدا لە کوێداین؟ ئایا ئەم هاوینە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەواو دەبێت، چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟ سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند:
"بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕووداوێکی بیرکاری نییە. ناتوانن بڵێن دوو کەڕە دوو دەکاتە چوار. بۆ نموونە، لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ هاوڕێمان سەربازی پیادە عەبدوڵڵا جەم دەمیرکان بریندار بوو. ١٥ ڕۆژ بە برینداری مایەوە و بەداخەوە شەهید بوو. تۆڵەی هەموو ئەمانە دەکەینەوە. زۆر بە قورسی باجەکەی دەدەن، بەردەوامیش دەیدەن، بەڵام ئەگەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە ڕووداوێکی بیرکاری تێبگەین، ئەوا بەپێی ئەوە کار دەکەین. لەبەرئەوە بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە تیرۆر تا کۆتایی بەردەوام دەبن. پشتیوان بەخودا لە کۆتاییدا براوە ئێمە دەبین. ئیدی ئەو کۆتاییەی چاوەڕوانی ئەوان دەکات نزیکە. لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لە بارەی ئەو ئازارەی خەڵکی ئەم وڵاتە چەشتوویانە، پرسی تیرۆر لە ڕەگ و ڕیشەوە چارەسەر دەکەین. ڕاکردنیان بەم لاو ئەولا و گەڕان بەدوای پشتیوانیدا هەر بەم هۆیەوەیە. چی دەکەن با بیکەن، سوودی لێنابینن. بە هەر شێوەیەک بێت باجی ئەوە دەدەن کە بەسەر خەڵکی ئەم وڵاتەدا هێناویانە. سەرباز و پۆلیس و هەواڵگرییەکانمان لە گۆڕەپانەکەدان و هەردەم هەناسەی بەهێزی ئەوان لەسەر گەردنیان هەست پێ دەکەن. تەنانەت ئەو ئەشکەوتانەش نایانپارێزن کە ناتوانن لووتیشیانی لێوەدەربهێنن".