Gazi Nogay
02 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2022
پەرلەمانی تورکیا - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئاک پارتی بە خەباتی ٢٠ ساڵەی کە لە سێی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ەوە دەستی پێ کرد، توانی بە مانەوەی بەردەوامی لە دەسەڵات، ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەو گۆڕانکارییانە کرد کە ئاک پارتی لە حکوومەتدا ئەنجامیداون، گوتیشی: "خزمەتگوزارییەکانمان، ئاستی ژیانی تەواوی ٨٥ ملیۆن هاووڵاتی وڵاتەکەمانی بەرز کردووەتەوە و بووەتە جێگای ئومێدیان. نەک تەنها لە ناوخۆی وڵاتەکەماندا بەڵکو لە وڵاتانی بەلقانەوە تا دەگاتە ئەفریقا و لە ناوەڕاستی ئاسیاوە تا دەگاتە ئەمریکای لاتین لە هەموو شوێنێکی جیهان، کاری گرنگمان ئەنجامداوە".
سەرکۆماری تورکیا باسیشی لە پڕۆژەیاسای هەموارکردنی دەستوور کرد و رایگەیاند: "ئەگەر ئەوە روونەدات کە پلانمان بۆی داناوە، ئامادەین هەنگاوی دیکە بنێین، لەوانەش وەرگرتنی دەنگی گەل".
رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربارەی دۆخی ئێستای ئاک پارتی گوتی: "لەو دۆخەی تیایداین نەک هەر رێگە نادەین هاوخەباتانمان لەدەست بدەین، رێگە نادەین تەنانەت یەک بەردیش لە ئێمە کەم بکەنەوە".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی لە درێژەی گوتەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و رایگەیاند: "ئەگەر راست دەکەیت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، کاندیدی باڵاپۆش دابنێ با بتبینین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربارەی پڕۆژەیاسای تایبەت بە باڵاپۆشیش لە تورکیا، گوتی: "لەو باوەڕەدام جارێکی دیکە ئەم بابەتە ناکرێتەوە و لەنێو رۆژەڤی گەلەکەشماندا نامێنێت، بۆ ئۆپۆزسیۆنیش دەبێتە کاغەزی تاقیکردنەوە".
سەرکۆماری تورکیا، دەربارەی بانگەشەکانی کڵچدارئۆغڵو لەبارەی ماددە هۆشبەرەکانەوە، رایگەیاند: "بێگومان لەبەردەم یاساشدا، باجی ئەم قسە هەڵبەستراونە دەدەیت".
ئەردۆغان دەربارەی پرسە نێودەوڵەتییەکانیش باسی لە گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا کرد و ئەوەی خستەڕوو کە وەک جاران سەرلەنوی رێڕەوی دانەوێڵە کراوەتەوە و دوێنێ سەبارەت بەڕێڕەوی دانەوێڵە لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پەیوەندی ئەنجامداوە و ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی پەیوەندی ئەنجام دەدات.