Hemn Baban
25 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
شاندێکی بازرگانی تورکیا سەردانی سلێمانی، ھەولێر و دھۆک-یش دەکەن بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا.
ئەمڕۆ ژمارەیەک لە سەرۆک و ئەندامانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی چەند ناوچەیەکی تورکیا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێریان کرد و دوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا واژوو و ئاڵوگۆڕ کرا و ئەو جۆرە سەردانانە بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان دادەنرێت کە پێشبینی ئەوە ھەیە لە ئایندەدا کاریگەرییەکانی دەربکەوێت.
شاندەکە کە سەرۆک و نوێنەرانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی دیاربەکر، باتمان، وان، جزیرە، شرناخ لەخۆدەگرت و بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی دیاربەکر و باتمان بوو و دوای ئەوەی سەردانی سلێمانی-یان کردبوو و دوێنێ شەممە لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەو پارێزگایە کۆبووبوونەوە، ئەمڕۆ لە ھەولێربوون.
دوای بەخێرھاتن و باس لە گرنگیی دیدارەکە و ئاڵوگۆڕکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن. کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ ھەریەک لە سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ھەرێم، دارا جەلیل خەیات و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، مەھمەت کایا و سەرۆکی ژووری بازرگانی باتمان، عەبدولقادر دەمیر رێکخرا.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، دارا جەلیل خەیات خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندەکە دەربڕی و بە ھەنگاوێکی مێژووی و گرنگی لەقەڵەم دا بۆ پەرەپێدانی پتری پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و لەو بارەیەوە گوتی: "ھەرێمی کوردستان و تورکیا پەیوەندی بازرگانی و ئابووری دوور و درێژ و قووڵ و گرنگیان ھەیە و ئەو پەیوەندییە ھەموو بوارەکانی بازرگانی گرتووەتەوە، ھاتنی ئەم شاندەش کە ٩٠ ئەندام لەخۆ دەگرێت ھەنگاوێکی باشە، بەتایبەت شاندەکە ھەموو لە جۆری جیاجیای بازرگانین و ئەمەش دەریدەخات کە ھەرێمی کوردستان شوێنی ئیشوکار و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانە و ئاواتەخوازین ئەم جۆرە سەردانانە بەردەوامیی ھەبێت".
سەرۆکی ژووری بازرگانی باتمان، عەبدولقادر دەمیر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی باتمان و دیاربەکر لەگەڵ ژمارەیەک لە بازرگانانی چەند ناوچەیەکی دیکە، دوێنێ سەردانی سلێمانی-مان کرد و ئەمڕۆ لە ھەولێرین و سبەیش سەردانی پارێزگای دھۆک دەکەین. لە سلێمانی بەشداریی پیشانگەی نێودەوڵەتیمان کرد و لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی یاداشتێکی دووقۆڵیمان واژووکرد کە ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوولایە، ھەروەھا بۆ زیادکردنی قەبارەی ھاوردە و ھەناردەکردنە لە نێوان ھەردوولا".
عەبدولقادر دەمیر گوتیشی: "بازاڕی ھەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو زۆر گرنگە، چونکە دراوسێی یەکین و خاوەن ھەمان زمان و ھەمان کولتووریین".
سەردانی شاندە ئابووری و بازرگانییەکانی عێراق و تورکیا بەردەوامیی ھەیە و ئاستی ئالوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەردوولا پتر لە ١٠ ملیار دۆلار دەبێت لە ساڵێکدا، ئێستا لە دوای تەواوبوونی شەڕی داعش سەرباری کاری بازرگانی، تورکیا چاوی خستووەتە سەر ئاوەدانکردنەوەی عێراق و دەیەوێت کۆمپانیاکانی رۆڵیان ھەبێت لە بونیادنانەوەی ئەو ناوچانەی کە شەڕ وێرانیکردوون.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دیاربەکر، مەھمەت کایا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەمڕۆ ئەو رێککەوتنەی لە نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیار بەکر لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر واژووکرا ئامانج لێی بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی ھاوبەشی نێوان ھەردوولایە لە رێککەوتنەکەدا جەخت لەسەر کاری ھاوبەش کرایەوە، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان سەنتەری بازرگانی پێکدەھێنین و بۆ لەمەودوا پیشانگەی ھاوبەش لە نێوان ھەردوولا ئەنجامدەدەین و ئێمەش دێینە ھەرێمی کوردستان و بەشداریی زیاتری پیشانگەکان دەکەین، ھاوکات بازرگانانی ئێرە بانگھێشتی پیشانگەکانی دیاربەکر دەکەین".
مەھمەت کایا گوتیشی: "پێش ھاتنی داعش و پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم تورکیا دووەم وڵات بوو لەقەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دوای ئەڵمانیا لە رووی سیاسییەوە ئاساییە کێشە لە نێوان وڵاتان دروست ببێت، بەڵام وەکو کارسازان دەتوانین ئاستی بازرگانی زیندووبکەینەوە".
مەھمەت کایا ئەوەشی ئاشکراکرد کە دانانی خاڵی گومرکی نێوان پارێزگاکانی عێراق بەربەستە بۆ بازرگانی بەتایبەت کە کارەکە گەیشتووەتە ئەوەی دوو گومرک ھەبێت و ھەڵگرتنی ئەو خاڵانەشی بە رێگەخۆشکردن زانی بۆ زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیا.