Selen Temizer
17 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2023
بڕۆکسل - AA
سەرۆکوەزیرانی سوید، ئولف کریستێرسۆن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەورووپا بەتەواوی نەگەیشتووەتە توانای ئابووریی خۆی و وەبەرهێنانی زۆر کەمتری لە توێژینەوە و گەشەپێدان کردووە بە بەراورد بە ئەمریکا یان چین و رایگەیاند: "رەنگە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، وەبەرهێنان لە ئەورووپا دوور بخاتەوە".
ئولف کریستێرسۆن لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپا کە لە شاری سترازبۆرگی فەڕەنسا بەڕەوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرۆکوەزیرانی سوید باسی لەوە کرد کە کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی کە لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە سەرۆکایەتی ئەم قۆناغەی یەکێتیی ئەورووپای وەرگرتووە بریتییە لە؛ سەوزترکردن و فەراهەمکردنی متمانە و ئازادی زیاتر بۆ ئەورووپا و گوتی: "خاڵی دەستپێک و کاری لە پێشینەی هەمووان ئۆکراینایە و پێویستە بەو شێوەیش بێت. هیچ شتێکی دیکە بە هێندە ئەوە گرنگ نییە".
سەرۆکوەزیرانی سوید، ئولف کریستێرسۆن راشیگەیاند: "ئەرکمان بەردەوامیدانە بە پشتیوانیکردن لەو ئۆکراینیانەی دەجەنگن، ئەویش نەک تەنیا بۆ سەربەخۆیی خۆمان، بەڵکو لە هەمان کاتدا بۆ شێوازی ژیانێکی ئەورووپیشە".
ئولف کریستێرسۆن باسی لە رۆڵی وڵاتەکەی کرد وەک سەرۆکی ئەم خولەی یەکێتیی ئەورووپا و رایگەیاند: "رۆڵمان وەک سەرۆکی ئەم خولە، بە واتای پێویستی بەردەوام دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئابووریی، سیاسیی، مرۆیی و سەربازیی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ ئۆکراینا. بۆ نموونە، پێویستە چاودێری پێشکەوتنی چاکسازییەکانی ئۆکراینا بکەین بەرەو ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا. لە هەمان کاتدا ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە پێویستە دەست بە کار بکەین لەسەر چارەسەرەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئۆکراینا و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی. لە دوای جەنگ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئۆکراینا لەگەڵ هەموو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا، پلانی مارشال لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بۆ هەموومان بیردەهێنێتەوە. ئەو سامانانەی رووسیا کە لەو هەوڵەدا سڕکراوە، پێویستە بەشێک بێت لە چارەسەر نەوەک تەنیا کێشەیەک بێت و بەس".
سەرۆکوەزیرانی سوید، ئولف کریستێرسۆن ئەوەشی خستەڕوو کە کارێکی دیکەی لە پێشینەی سوید بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تاوانکارییەکانە لەناو یەکێتیی ئەورووپا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوبەشە لەبارەی کۆچ و رایگەیاند: "ئابووریی ئەورووپا گەورەیە. سەرەڕای ئەوەیش ناتوانین بەتەواوی بگەین بە توانا ئابوورییەکانمان. رەنگە بەرزبوونەوەی نرخی وزە، وەبەرهێنان لە ئەورووپا دوور بخاتەوە".