ئابووری, عێراق

سوودانی: "هێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتییەكان لێدانە لە ئابووریی نیشتمانیی عێراق"

Zana Natık Kerem  | 23.07.2025 - نوێکردنەوە : 24.07.2025
سوودانی: "هێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتییەكان لێدانە لە ئابووریی نیشتمانیی عێراق"

Arbil

هەولێر ــ AA

سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشانە دەكەن كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگای ئاراستەكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرانە سەر دامەزراوە نەوتییەكان لە هەرێم و پارێزگاكانی سەڵاحەددین و كەركووك.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە محەمەد شیاع سوودانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕۆبیۆ قسەی كردووە.

ڕاشیگەیاندووە كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە كە وڵاتەكەی بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكە و بەردەوامیدان بە ڕێككەوتنەكانی ئاگربەست لە ناوچەكە.

باسی لەوەش كردووە كە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، گفتوگۆكراوە لەبارەی ئەو هێرشانەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگای ئاراستەكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرانە سەر دامەزراوە نەوتییەكان لە هەرێم و پارێزگاكانی سەڵاحەددین و كەركووك و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی ئەو هێرشانەی بە لێدان لە ئابووریی نیشتمانیی عێراق لەقەڵەمداوە و ڕایگەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشانە دەكەن كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگای ئاراستەكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرانە سەر دامەزراوە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی سەڵاحەددین و كەركووك.

ئەوەشی خستووەتەڕوو كە هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق سه رسوڕمانی خۆی لەبارەی ئەو هێرشانە نیشانداوە، لەوەی هێرشەكان هاوكات لەگەڵ واژووكردنی گرێبەست بۆ وەبەرهێنان لە ژمارەیەك كێڵگەی نەوت لە كەركووك و سەڵاحەددین لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی كە لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان، ئەنجامدراون.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە كە لە تەوەرێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باس لە پڕۆژەیاسا نوێیەكەی حەشدی شەعبی كراوە و لەوبارەیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو پڕۆژەیاسایە ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، چونكە پڕۆژەیاسایەكه بەشێکە لەو پرۆسە چاکسازییەی حکوومەتی عێراق لە بواری ئەمنییدا پەسەندی کردووە و گوتوویەتی: "دەمانەوێت لەچوارچیوەی ئەو پڕۆژەیاسایە، چالاكییەكانی حەشدی شەعبی هاوشێوەی دەزگا هەواڵگرییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی رێكبخەینەوە، جگە لەوەش حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی سەربازی فەرمی عێراقییە کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا ئەركەكەی جێبەجێ دەكات".

باسی لەوەش كردووە كە محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەشداوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان-عێراق پابەندە بە ڕادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو و بەشیك لە داهاتی نانەوتی بۆ حكوومەتی فیدراڵیی، ئەوەش پشت بەستن بە بڕیارەكەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و یاسای بوودجەی گشتیی و بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیی و ڕایگەیاندووە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی، یارمەتیدەر بووە بۆ چارەسەركردنی ئاستەنگە دارایی و یاساییەكانی نێوان حكوومەتی فیدراڵیی و حكوومەتی هەرێم.

ڕاشیگەیاندووە كە سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە كە پابەندی نیشتمانیی و دەستووریان هەیە بەرامبەر بە سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق.

باسی لەوەش كردووە كە محەمەد شیاع سوودانی جەختی كردووەتەوە لەسەر گرنگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگای بۆری عێراق-تورکیاوە، هەروەها ڕاگرتنی قاچاخچێتی و کردەی نایاسایی کە سامانی نەوت دەکاتە ئامانج.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın