hemn husain
01 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2016
بە مەبەستی یارمەتیدانی چینی هەژاران و بەتایبەت لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، لە قەزای بنەسڵاوەی شاری هەولێر لە ژێر درووشمی "ئەگەر پێویستت نییە بەجێی بهێڵە، ئەگەر پێویستتە بیبە"، دیواری میهرەبانی دانرا.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە رەسووڵ ساڵح لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مەبەستی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کەلوپەلی زیادەیان هەیە دەیهێنن لەم شوێنە دایدەنێن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی بۆخۆیان هەڵیگرن. ئەم پرۆژەیە لە وڵاتانی دیکەش دەکرێت. ساڵی پار لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و چین کرایەوە و ئێمەش ئەمساڵ لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەم ناوچەیە لێرە ئەم دیوارەمان دانا".
لەبارەی پێشوازیکردنی ئەم پرۆژەیە لەلایەن خەڵکەوە، رەسووڵ ساڵح گوتی: "ئێمە زۆر لێرە نامێنینەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی پێویستییان بە کەلوپەل هەیە بە ئاسانی بتوانن کەلوپەلەکان هەڵگرن و بەڵام بۆ ئەوەی کەلوپەلەکان نەشێوێندرێن ئەوە چەند کەسێک لە ئێمە لە دوورەوە چاودێری دەکەین و ئەم پرۆژەیەش چەند رۆژێک دەخایەنێت".
سەبارەت بە ژمارە و بابەتی ئەو کەلوپەلانەی لە دیواری میهرەبانی هەیە، رەسووڵ ساڵح گوتی: "کەلوپەلەکان بەردەوام خەڵک دایدەنێن و ئەوانەشی پێویستیان پێیەتی هەڵیدەگرن، بۆیە ناتوانین ژمارەی کەلوپەلەکان بە دروستی دەستنیشان بکەین بەڵام بابەتی کەلوپەکان زیاتر جلوبەرگ و پێڵاو و جانتا و هەندێک یاری منداڵانەیە".
ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات ئەگەر ئەم پرۆژەیە گەشە بکات، پێشبینی ئەوە دەکەین کە جۆری بابەتەکان زیاتر بێت و لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: "ئێمە جارێ بەردەوام دەبین و ئەگەریش خەڵک زیاتر هاوکاری ئەم پڕۆژەیە بکات ئەوە پێشبینی دەکەین بابەتەکان لە جلوبەرگەوە فراوانتر ببن و کتێب و پێداویستییەکانی ناو ماڵانیش لە دیواری میهرەبانی دابندرێن".
جێی ئاماژەیە سەرەتا بیرۆکەی دیواری میهرەبانی لە شاری مەشهەدی باکووری رۆژهەڵاتی ئێرانەوە دەستی پێ کرد، کاتێك کەسێك هەندێک جلی لەسەر دیوارێک هەڵواسی و لە تەنیشتی نووسیبووی "ئەگەر پێویستت نییە بەجێی بهێڵە، ئەگەر پێویستتە بیبە".