Zana Natık Kerem
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە کۆمپانیاکانی بریتیش پێترۆلیۆم-ی بەریتانی و لۆک ئۆیل-ی رووسی بیر لەوە دەکەنەوە کە عێراق بەجێبھێڵن.
ئێحسان عەبدولجەبار لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیوویەتی "کۆمپانیای 'بریتیش پێترۆلیۆم-ی بەریتانی پێی راگەیاندبووین کە دەیەوێت لە عێراق بکشێتەوە و نیازی نییە وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتدا لە عێراق بکات و دەیەوێت دەستبەرداری کێڵگەی نەوتی رومێلە بێت لە پارێزگای بەسرە".
راشیگەیاندووە "ھەروەھا کۆمپانیای لۆک ئۆیل-ی رووسی ئاگاداری کردووینەتەوە کە دەیەوێت پشکەکانی خۆی لە کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنەــ٢ لە پارێزگای بەسرە بە کۆمپانیایەکی چینی بفروشێت.
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەیشداوە کە حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر شەراکەت لەگەڵ کۆمپانیای لۆک ئۆیل و پاڵپشتی لێ دەکات بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتدا و نووسیوویەتی:
"ھەروەھا پەیوەندی باشمان لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم-ی بەریتانی ھەیە و وێرای بەرەنگارییەکانی ژینگەی وەبیرھێنان، بەڵام تەواوی حەقدەستی کۆمپانیاکەمان داوەتەوە".
ئێحسان عەبدولجەبار هەروەها نووسیوویەتی "ئامانجان ئەوەیە، ژینگەی وەبەرھێنان لە کەرتی نەوتدا بپارێزین و ھەوڵ دەدەین ھاوبەشی نوێ بدۆزینەوە".