Zana Natık Kerem
26 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2023
ھەولێر - AA
داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی حوەزیران، گەیشتووەتە حەوت ملیار و ١٧٩ ملیۆن و ٧٦٠ ھەزار دۆلار و لە مانگی ئایاردا، حەوت ملیار و ٣٠٦ ملیۆن دۆلار بوو.
بەمەیش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی حوەزیران بەراورد بە مانگی ئایار، ١٢٦ ملیۆن و ٢٤٠ ھەزار دۆلار کەمی کردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی مانگی حوەزیرانی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بڕی ئەو نەوتەی کە لە مانگی رابردوودا ھەناردەکراو، ١٠٠ ملیۆن و ٥٩ ھەزار و ٥٢ بەرمیل بووە کە کۆی گشتی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ١٧٩ ملیۆن و ٧٦٠ ھەزار دۆلار.
باس لەوەیش کردووە کە لە مانگی حوزەیراندا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٨ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٦٢٠ بەرمیل بووە، ھەروەھا لە مانگی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو بۆ ئوردن، گەیشتووەتە ٢٩٩ ھەزار و ٤٤٥ بەرمیل.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی حوەزیراندا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە (٧١،٧٥٥) دۆلار فرۆشراوە.