Firdevs Yüksel
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
ئیستانبوڵ - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٨٣ دۆلار و ٨٦ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی هەینی نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت رۆژەکەی بە ٧٩ دۆلار و ٨٩ سهنت تەواو کرد، ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:٣٠، بەراورد بە نرخی داخستنی پێشوو، بەڕێژەی لەسهدا ٤،٩٧ بەرزبوونەوەی بهخۆیهوه بینی و بە ٨٣ دۆلار و ٨٦ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ٧٩ دۆلار ٣٠ سەنت فرۆشرا.
زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی خستنەڕووی نەوتەوە دوای بڕیاری وڵاتانی ئەندام لە گرووپی ئۆپیک پڵەس، سەبارەت بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان کاریگەریی بەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبوو.
دوێنێ ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سعوودیە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وەزارەتی وزەی ئەو وڵاتە بڵاوی کردەوە، سعوودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆپیک پڵەس بڕیاری دا لە مانگی ئایارەوە تا کۆتایی ئەمساڵ، بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی خۆی بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە.
دوێنێ جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک رایگەیاند کە بەهۆی قەیرانی بانکیی لە ئەمریکا و ئەورووپا و هەنگاوە هەڵەکان کە لە بواری وزە لە جیهاندا گیراوەتەبەر، ناجێگیرییەکی زۆر و پرۆسەی پێشبینینەکراو لە بازاڕی نەوتدا هەیە.
نۆڤاک بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی داوە، رایگەیاند: "بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەم دەکەینەوە تا کۆتایی ساڵ".
راگەیەندرا کە عێراق ٢١١ هەزار بەرمیل، ئیمارات ١٤٤ هەزار، کوێت ١٢٨ هەزار، کازاخستان ٧٨ هەزار، جەزائیر ٤٨ هەزار، عومان ٤٠ هەزار و گابۆن هەشت هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمدەکاتەوە.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی بەدواداچوونی هاوبەشی وەزیرەکان (JMMC)ی گرووپی ئۆپیک پڵەس لە بازاڕەکانی نەوتدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان ٨٤ دۆلار و ٧٠ سەنت بۆ ٨٥ دۆلار و ٨٢ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٨٣ دۆلار و ٥٨ سەنت بۆ ٨٢ دۆلار و ٤٦ سەنت بمێنێتەوە.