Heman Hussein Yaseen
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2023
هەولێر - AA هێمن حوسێن
دروستکردنی گەچ لە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە سنووری قەزای مەخموور بەهۆی کوالێتی گەچەکە لە رەقی و سپییەتی رەنگەکەی، تا ئێستاش ئەم پیشەیە درێژەی هەیە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران سەرقاڵی دروستکردنی گەچن.
دروستکردنی گەچ بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، سەرەتا لە بەرەبەیانییەکی زووەوە کرێکارەکان خەریکی دەرهێنانی بەرد دەبن لە چیای قەرەچووغ، هەندێکجار لە رێگای تەقینەوە بەردەکان لە چیا دەردەهێنن و هەندێکجاریش لە رێگای شکاندنەوە.
دوای دەرهێنانی بەردەکە لە چیا، ئەوا بەردەکە دەگوازنەوە و لە شوێنێک دایدەنێن و لە رێگای شۆفڵ و حەفارەوە وردی دەکەن و پاشان بە دەوری چەند کوورەیەکی ئاگردا کەڵەکەی دەکەن.
کوورەکانی دروستکردنی گەچ لە گوندی گاوەرە و کەنداڵی سنووری قەزای مەخموورن و دەکەونە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، کوورەکان لەسەر زەوییەکی تەخت دروستکراون و لە خوارەوەش رێڕەوێک هەیە بۆ گەیشتن بە شوێنی داگیرسانی ئاگرەکە و دوای کەڵەکردنی بەردەکان ئینجا ئاگرەکە دادەگیرسێنن بۆ ماوەی نزیکە دوو رۆژ و پاشان ئاگرە دەکوژێننەوە و بۆ ماوەی یەک رۆژ چاوەڕێ دەکەن تا سارد دەبێتەوە.
حەسەن حەمەدئەمین لەبارەی ماوەی پڕۆسەی بە گەچبوون گوتی: "بە ماوەی سێ رۆژ بەردەکە دەگاتە لای ئێمە، دوو رۆژیش بەردەکان لێرە رێکدەخەین، دوو رۆژیش لەژێر ئاگردا دەمێنێتەوە و رۆژێک دواتریش بەجێی دەهێڵین تا سارد دەبێتەوە، هەر جارەی نزیکەی ٣٥٠ تۆن بەرد دەهێنین و ٣٥٠ تۆن گەچی لێ دروست دەکرێت، دەشتوانین بڵێین مەخموور باشترین بەردی هەیە بۆ دروستکردنی گەچ بەراورد بە ناوچەکانی دیکە".
لە دروستکردنی گەچ دا، بەهۆی بوونی تۆزەوە، چەند کاریگەرییەکی خراپی تەندروستی لەسەر کرێکارەکان دەبێت هەم لەسەر چاوەکان و هەم لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان، جگە لە ماندووبوونێکی زۆر و کاریگەری لەسەر ئێسک و ماسولکەکان.
حەسەن حەمەدئەمین لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەندروستییەوە گوتی: "پیشەکەی ئێمە کاریگەری لەسەر تەندروستیمان هەیە، جگە لەو تۆز و خۆڵەی دەچێتە چاو و کۆئەندامی هەناسەمان، زۆرجاریش تووشی رووداو بووینە لە کانە بەرد، کاتێک بەردی هەڵدەوەشێنینەوە، جاری وا هەیە بەردەکە دەتەقێت و رووداوی لێ دەکەوێتەوە".
عەلی لوقمان یەکێکی دیکە لە سەرپەرشتیاری کوورەکان و تەمەنی ٢٤ ساڵە، ئەو لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لە کوورەی گەچ کاری کردووە و ئێستا سەرپەرشتی کوورەکانی باوکی دەکات و بەبێ هیچ کەلوپەلێکی خۆپارێزی ئاگر لە کوورەکە بەردەدات و دەڵێت هەر کەسێک لە میانی کارکردندا تووشی هەر شکستێک بێت ئەوا بۆخۆی لێی بەرپرسە.
عەلی لوقمان لەبارەی پیشەکەیانەوە گوتی: "من لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لێرە کار دەکەم، کاتێک هاتم تەمەنم نۆ ساڵ بوو، شارەزاییەکی باشم لە پیشەکەم پەیدا کردووە، ئێستا خەریکی ئاگرکردنەوەم لە کوورەکان بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا چەند تۆنێک گەچی لێ بەرهەم بێت".
عەلی لوقمان گوتیشی: "سەرەتا بەردەکان لە کانەی بەردەوە دەگوازینەوە بۆ ئێرە، لێرەش سافی دەکەین و خۆڵ و پاشماوەکەی لێ جیادەکەینەوە، ئینجا بەردەکان کەڵەکە دەکەین تا دەبێتە گومەت، پاشان ئامێری حەفارە بەردی لەسەر گومەتەکە دەکات تا تەواو کون و کەلەبەرەکانی دادەخات، ئینجا گەچی بەسەردا دەکەین بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەک نەمێنێت، پاشان کەمێک ئاوی بە گومەتەکە دادەکەین بۆ ئەوەی گەچەکە شوێنی خۆی بگرێت و پاشان ئاگری تێبەردەدەین".
ئاگر کردنەوەکە بەشێوەیەکی بەردەوام ماوەی نزیکەی دوو رۆژ دەخایەنێت، ئینجا بە ئامێری حەفارە گومەتەکە دەشکێنن و پاشان لە ئامێری تاحونەی دەدەن و دوایی گەچەکەی لێ دروست دەبێت و لە رێگای کرێکارانەوە دەکرێتە ناو فەردە و سەری دەبەسترێت.
شوێنەکە چەند کوورەیەکی تیادایە، لەبارەی قەبارەی گەچی بەرهەمهاتوو لە کوورەکە، عەلی لوقمان گوتی: "هەر کوورەیەک ٢٥٠ مەتر گەچی لێ دەردەچێت، لێرە ١٣ کرێکار کاری تیادا دەکەین و هەندێکیان بەشێوەی مەتر لەناو قەلاب دەگوازرێتەوە و هەندێکیشیان لەناو فەردەی دەکەین و دەیفرۆشین".
لەبارەی خۆپارێزییەوە و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، عەلی لوقمان گوتی: "لێرە خۆپارێزی نییە، هەر کرێکارێک تووشی هەر شکتسێک بێت بۆخۆی بەرپرسە، زۆر کەسمان هەبووە لێرە تووشی شکست بووە و نەخۆش کەوتووە و توانای کارکردنی نەماوە".