Firdevs Yüksel
04 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2021
ئیستانبوڵ – AA
نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە بازاڕەكانى جیھان بە ٨١،٥٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دوینێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت تا ٨٤،٢٠ دۆلار بەرزبووبوویەوە، رۆژەکەی بە ئاستی ٨١،٩٩ دۆلار تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٤ی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت بە بەراوورد لەگەڵ نرخی داخستنی دوێنێدا، بە رێژەی سەدا ٠،٦٠ دابەزى و بە نرخی ٨١،٥٠ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
لە ھەمان ساتدا، نرخی بەرمیلێک خاوی جۆری رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە ٨٠ دۆلار فرۆشرا.
دابەزینی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی بڕیاری ئێران بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا و زیادبوون لە نەوتی خاوی بازرگانیی عەمبارکراوی ئەمریکا کە گەورەترین بەکارھێنەری نەوتە لە جیھاندا.
دوێنێ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی باقری لە رێگەی ھەژماری خۆی لە توێتەر ئەوەی بڵاوکردەوە کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتیی ئاژانسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەڕێوەبەری سیاسیی یەکێتیی ئەورووپا، ئینریکی مۆرا ئەنجامداوە.
عەلی باقری ئەوەشی ئاشکرا کردبوو کە لەگەڵ ئینریکی مۆرا لەسەر دەستپێکردنەوەی گەڕی شەشەمی دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ٢٩ی تشرینی دووەم لە ڤیەننا "بە مەبەستی ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران" رێککەوتوون.
دووبارە دانیشتنەوەی لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ، چاوەڕوانی بازاڕەکان لە ئەگەری ھەڵگرتنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر نەوتی ئێران بەھێز کرد.
دانوستانەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کە لەگەڵ ھاتنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە شەشی نیسانەوە لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستی پێ کردەوە و شەش گەڕی بەڕێوەچووە، بەھۆی گۆڕینی حکوومەت لە ئێران، بۆ ماوەیەک وەستێنرا.
لە دوای راگەیاندنی حکوومەتی ئێران بۆ دووبارە گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان، ئینریکی مۆرا لە ١٤ی تشرینی یەکەم لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەلی باقری لە تاران کۆبوونەوە و دانوستانەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا دەستپێکرایەوە.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، نەوتی خاوی بازرگانیی عەمبارکراو لە ھەفتەی رابردوودا بە بەراورد لەگەڵ ھەفتەی پێشووتر زیادی کردووە بۆ سەرووی سێ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل و چاوەڕوانییەکانی بازاڕ بۆ زیادکردن لە نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٥٠ ھەزار بەرمیل بوو.