Bekir Aydoğan
01 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی دەستەی پیشەوەران و خاوەنکارانی تورکیا-عێراق، نەواف کڵچ رایگەیاند کە سەدا ٩٠ی کەلوپەلی مۆڵەکانی عێراق مارکەی تورکین و زیاتر رەواج لەسەر ئەو مارکانە هەیە و گوتی: ''ساڵی رابردوو بازرگانی دەرەکیمان لەگەڵ عێراق ٢٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند. ئامانجمانە بیگەیەنینە ٥٠ ملیار دۆلار''.
نەواف کڵچ سەبارەت بە پەیوەندیە بازرگانییەکانی تورکیا و عێراق و چالاکی پیاوانی کاری تورک لە عێراق و ئەو کێشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
سەرۆکی دەستەی پیشەوەران و خاوەنکارانی تورکیا-عێراق، نەواف کڵچ باسی لەوە کرد کە یەکێک لە گەورەترین کێشەی ئەو بازرگانە تورکانەی لە عێراق چالاکیان هەیە وەرگرتنی ڤیزەی عێراقە، چونکە کاتێک دەچنە هەرێمی کوردستان لە دەروازەی سنوور ڤیزەی یەک مانگیان پێ دەدەن، بەڵام ناتوانن بەو ڤیزەیە بچنە شارەکانی باشووری عێراق.
نەواف کڵچ باسی لەوە کرد ئەو هاووڵاتییە تورکەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بەو ڤیزەیەی وەریدەگرێت پێویستە تا بەسرە بڕوات، بەڵام زۆر کەس گلەیی ئەوە دەکەن کە ناتوانن لەوێوە بڕۆن بۆ کەرکووک، مووسڵ، بەغدا و بەسرە.
سەرۆکی دەستەی پیشەوەران و خاوەنکارانی تورکیا-عێراق، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئۆتۆمبێلەکانی هەڵگری تابلۆی تورکیاش جگە لە هەرێمی کوردستان ناتوانن بچن بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و گوتی: ''ئەگەر عێراق رێگا بکاتەوە و ئۆتۆمبێلەکانی هەڵگری تابلۆی تورکیا بتوانن لە رێگای عێراقەوە بڕۆن ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگ دەبێت. بەوەیش ئۆتۆمبێلەکانمان هەم دەتوانن بچن بۆ ١٨ پارێزگاکەی عێراق هەمیش ئەو رێگایە بەکاردەهێنن و دەتوانن بچن بۆ وڵاتانی دیکەی نیمچەدوورگەی عەرەبی''.
نەواف کڵچ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٣دا، دوای ئەڵمانیا، تورکیا زۆرترین هەناردەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ عێراق ئەنجامداوە، بەڵام کاتێک رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا سەریهەڵدا دابەزین لە رێژەی هەناردە بۆ ئەو وڵاتە روویدا.
سەرۆکی دەستەی پیشەوەران و خاوەنکارانی تورکیا-عێراق، نەواف کڵچ گوتیشی: ''هەناردە بۆ ١٠،٨ ملیار، ٨،٥ ملیار و ٧،٦ ملیار دۆلار دابەزی، بەڵام لە ماوەی رابردوودا رێژەی هەناردەی ساڵانە لە دەورووبەری نۆ ملیار دۆلاردا داخرا''.
نەواف کڵچ هەروەها رایگەیاند ''بەدڵنیایییەوە لەنێو وڵاتانی دراوسێ و دەورووبەردا عێراق بۆ ئێمە هاوبەشێکی زۆر گرنگە. ئەمڕۆ کاتێک بە نێو بازاڕەکانیدا دەگەڕێین دەبینین سەدا ٩٠ی کەلوپەلی مۆڵەکانی مارکەی تورکین، ئەمڕۆ کاتێک دەچینە مۆڵێکی ئیستانبوڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە، مێرسین و ئادانا هەر مارکەیەک ببینین لە مۆڵەکانی سلێمانی، دهۆک و هەولێر هەمان مارکە دەبینین. لێرە زیاتر خواست لەسەر مارکەی تورکییە''.