Merve Özlem Çakır
01 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
وەزیری بازرگانیی تورکیا، روخسار پەکجان لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا قەبارەی هەناردەی تورکیا-ی لە مانگی ئادار و چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا خستەڕوو.
روخسار پەکجان باسی لەوەشکرد لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بووەتە هەڕەشە لەسەر تەواوی جیهان و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی ئابووری و بازرگانی دروستکردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا کەرتی هەناردە و بازرگانی لە تورکیا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوەبینیوە و رایگەیاند "لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو، قەبارەی بازرگانی بە رێژەی ١٧،٣ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٥٠ ملیار دۆلار، ئەمەش گەورەترین قەبارەی بازرگانییە تا ئێستا لە ماوەی سێ مانگدا تۆمار کرابێت. بەهەمان شێوە هاوردە لە چارەیەکی یەکەمدا بە بەراورد بە هەمان قۆناغی پار ساڵ، سەدا ٩،٧ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٦١ ملیار دۆلار، کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی سەدا ١٥،٢ کەمیکردووە و ١١ ملیار دۆلار بووە''.
وەزیری بازرگانیی تورکیا دەربارەی قەبارەی بازرگانی لە مانگی ئاداردا، ئەوەی خستەڕوو کە کورتهێنانی بازرگانیی دەرەکی لە مانگی ئاداردا بە بەراورد بە ئاداری ٢٠٢٠، سەدا ١٤،٢ کەمیکردووە و لە پێنج ملیار ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەوە دابەزیوە بۆ چوار ملیار ٧٠٠ ملیۆن دۆلار گوتیشی: ''هاوردەمان لە مانگی ئاداردا بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ساڵی رابردوو، سەدا ٢٥،٨ زیادیکردووە و گەیشتووەتە ٢٣ ملیار و ٦٧٩ ملیۆن دۆلار. لە مانگی ئاداردا، قەبارەی هەناردەکردن بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، بەڕێژەی سەدا ٤٢،٢ گەشەیکردووە و گەیشتووەتە ١٨ ملیار و ٩٨٥ ملیۆن دۆلار. ئەمەش گەورەترین قەبارەی هەناردەکردنە تا ئێستا تۆمار کرابێت، هەروەها رێژەی بەراوردی هاوردەکردن بە هەناردەکردن لە مانگی ئاداردا، ٩،٢ پلە زیادیکردووە و بووە بە ٨٠،٢ و رێژەی بەراورد بەدەر لە وزە ١٠،٢ زیادیکردووە و بووەتە سەدا ٩٠،٦''.