Zana Natık Kerem
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند کە بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانیی عێراقی بەتۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتیی، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزادراوە.
دەستەی ناوبراو لە راگەیەنراوێکدا وردەکاری ئەو تانەیەی خۆی خستووەتەڕوو کە لەسەر بڕیاری ئازادکردنی بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانیی عێراق، بێ ئەوەی ناوی بھێندرێت کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرخ پێشکەشکرابوو و ھاتووە:
"بەھۆی ئەوەی بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی کەرخ، جێگەی باوەڕ نەبووە، دادگای تێھەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیاریدا بە قبوڵکردنی ئەو تانەیەی کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە پێشکەشکرابوو لەوەی دووبارە ئەو دۆسیە بگەڕێتەوە دادگای تاوانەکان".
لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها ھاتووە:"دادگای تاوانەکانی کەرخ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای تێھەڵچوونەوە کە پشت بەستن بە تانەکەی دەستەی دەستپاکی دەرکراوە، بڕیارێکی نوێ دەرکرد کە بەپێی بڕیارەکە بەبێ ئامادەبوون، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بۆ بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) دەرکردووە".
لە راگەیەنراوەکەدا وردەکاری ئەو دۆسیە خراوەتەڕوو و ھاتووە: "ئەو دۆسیە کە پێشتر دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە و رەوانەی دادگا کراوە، خۆی لە ژمارەیەک سەرپێچی دەبینێتەوە کە بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانیی عێراقی ئەنجامیداوە".
بەپێی راگەیەنراوەکە بەڕێوەبەری پێشووتری بانکی بازرگانیی عێراقی لەو کاتەی بەرپرس بوو لە بەڕێوەبردنی بانکەکە، بەبێ بوونی ھیچ دەستەبەرییەک، پارەی بەقەرزداوە بە یەکێک لە بانکەکان.