Muhammet Emin Horuz
05 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
بەنداوی ئیلیسو و وێستگەی هایدرۆئەلەکتریک (HES)، لە ماوەی چوار مانگدا یەک ملیار کیلۆوات سەعات وزەی بەرهەمهێناوە و، نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن لیرەی بۆ ئابووریی تورکیا زیادکردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئاوی دەوڵەتەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە کە یەکەم تۆڕباینی بەنداو و وێستگەکە کە لە ١٩ی ئایاردا کەوتووەتە کار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبای بەرهەمدەهێنا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بەنداوەکە توانای بەرهەمهێنانی هەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبای هەیە و، بەو وەبەرهێنانەش دەتوانرێت ساڵانە چوار ملیار و ١٢٠ ملیۆن کیلۆوات سەعات وزە بەرهەمبهێنرێت.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە بەنداوی ئیلیسو کە لە بناغەکەیەوە ١٣٥ مەتر بەرزە و توانای گلدانەوە ٢٤ ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە، لە پاش بەنداوی ئەتاتورک دووەم گەورەترین بەنداوی تورکیایە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاوی دەوڵەت، کایا یڵدز، باسی لەوە کرد کە بەنداوی ئیلیسو و وێستگەکەی تا پێنجی ئەیلوولی ٢٠٢٠، بڕی یەک ملیار کیلۆوات سەعات وزەی بەرهەمهێناوە و، نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن لیرەی بۆ ئابووریی وڵات دەستەبەرکردووە.
یڵدز باسی لەوەیش کرد کە تا ئێستا تێکڕا سێ یەکەی بەنداوەکە کەوتووەتەکار و، رایگەیاند ''کارەکانی تاقیکردنەوەی سێ یەکەکەی دیکە درێژەی هەیە و پلان وایە لە ٢٠٢٠دا بە تەواوی بکەونەکار. بەو شێوەیەش بە تەواوبوونی بەنداوی ئیلیسو ساڵانە بڕی ٢،٨ ملیار لیرە هاوکاری پێشکەش بە ئابووریی وڵات دەکرێت''.