باتمان
کۆمپانیای ( Ipek Dogal - ئیپەك دۆغال)لە ھەڵمەتێکی گەڕان بەدوای نەوتدا توانی باشترین جۆری نەوت لە ناوچەی یەمیشلیک سەر بە پارێزگای باتمان بدۆزێتەوە.
پارێزگاری ئەو شارە (یڵماز ئارسڵان) لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد و گوتی "باری ئەمنیی شارەکە ئاساییە و بەڵگەش لەسەر ئەمە کارەکانی ئەم کۆمپانیایەیە کە بە بآ ئاستەنگ توانییان لە گەڕان بەدوای نەوتدا بەردەوام بن."
بەڕێوەبەری ھەڵمەتی گەڕان بەدوای نەوت لە کۆمپانیای ( Ipek Dogal - ئیپەك دۆغال)گوتی "ئێمە ٢ ھەزار و ٨٥٦ مەتر لە خاکی ئەو ناوچەیەمان پشکنی و توانیمان باشترین جۆری نەوت بدۆزینەوە, بەم نزیکانەش دەست بە دەرھێنان و ناردنەدەرەوەی ئەو نەوتە دەکەین."
ئارسڵان رۆڵی شاری باتمانی لە بەرھەمھێنانی نەوت و کاریگەرییەکەی لەسەر ئابووریی وڵات خستەڕوو و گوتی "ساڵانە ٢٨ ملیۆن تەن نەوت ھاوردەی وڵات دەکەین، بەرامبەر بەمە بڕی بەرھەمی نەوتی خۆماڵی ٢،٥ ملیۆن تەنە، ڕێژەی %٧٢ی ئەم بڕەش لە باتمانە، بۆیە ئەم شارە گرنگیی تایبەتی خۆی ھەیە."