Hawkar Yaseen
03 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێگەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقەوە بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی زێڕی گەیاند بە فڕۆکەخانەی هەولێر، سلێمانی و بەسرە و سێ رۆژە زێڕ لە کوردستانەوە نەچووەتە دەرەوە.
بازرگانیکردن بە زێڕ لە هەرێمی کوردستان هەمیشە بازاڕی گەرمبووە، سەرچاوەی کرێن و فرۆشتنی زێڕی کوردستان، تورکیا و ئیماراتە، ساڵانە بەپێی هەندێک داتای نافەرمی نزیکەی ٣٠ تۆن زێڕ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە مامەڵەی پێوە دەکرا، لەو کاتەیش کە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری ئاژانسی ئانادۆڵو رۆژانە هاووڵاتییانی هەولێر نزیکەی ١٠٠ کیلۆگرام زێڕیان دەفرۆشت و بۆ تورکیا دەنێردرا، بەڵام بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق مامەڵەکەی لەم سێ رۆژەدا بۆ نزیکەی ١٠ کیلۆگرام کەم کردووەتەوە.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، هەندرێن عەبدولڕەحمان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشت بە ئێمە، بەداخەوە بڕیارێکی خراپ بوو زیانێکی زۆر لە زێڕنگەرانی هەرێمی کوردستان دەدات، زیانی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت دوای ئەوانیش بۆ زێڕنگەران بۆیە وەک سەندیکا داواکارین لە حکوومەتی عێراق هۆکاری بڕیارەکەمان بۆ روون بکاتەوە و پێداچوونەوەیش بەم بڕیارەدا بکات بۆئەوەی بازرگان و زێڕنگەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبن".
هەندرێن عەبدولڕەحمان دەربارەی هۆکارەکانی پش
ت دەرچوواندنی بڕیارەکە گوتی: "تا ئێستا بە فەرمی و لە لایەنێکی فەرمییەوە هۆکاری دەرچوواندنی بڕیارەکە روون نەکراوەتەوە بۆ ئێمەش روون نییە کە ئەم بڕیارە بۆچی دراوە، لەوانەیە بڕیارێکی سیاسیی بێت، بەڵام ئەمەیش دیار نییە و ئێمە نایزانین، بەبۆچوونی من وای دەبینم کێبڕکێی کەرتی تایبەت بێت لەنێوان بازرگانی زێڕ لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، رەنگە بازرگانانی زێڕ لە بەغدا هەوڵێکی وایان دابێت ئەم بڕیارە بدرێت، ناتوانم کەس تۆمەتبار بکەم، بەڵام ئەمە بۆچوونی منە".
گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر دەربارەی دۆخی بازرگانیکردن بە زێڕ لە بازاڕی هەرێمی کوردستان لە دوای بڕیارەکەوە گوتی: "مامەڵەکانی هەموو راگرتووە، خەڵکی تووشی دڵەراوکێیەکی زۆر کردووە، ئێستا خەڵک نازانێت زێڕ بفرۆشێت یان بیکڕێت، ئەگەر رێژەیەک بە نموونە وەربگرین، بۆ نموونە ئەگەر پێشتر لە بازاڕی هەولێر رۆژانە ٥٠ کیلۆگرام زێڕ مامەڵەی پێوەکرابێت ئێستا کەمبووەتەوە بۆ کەمتر لە پێنج کیلۆگرام واتە لە سەدا ٩٠ مامەڵەکە کەمی کردووە".
هەندرێن عەبدولڕەحمان گوتیشی: "نرخی زێر لە بازاڕ و بۆرسەی جیهانیدا هێشتا هەر بەرزە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەوە لە هەرێمی کوردستان بە نرخێکی زۆر کەمتر زێڕ لە هاووڵاتییان دەکڕینەوە، چونکە بۆ ئێمەیش کە دەیفرۆشین کەمترمان بۆ دەکات چونکە تێچووی مامەڵەی کڕێن و فرۆشتنەکە لەسەر ئێمە زۆر زیادی کردووە، جاران جیاوازی نێوان زێڕی شکاو و زێڕی نوێ شەش بۆ حەوت هەزار دینارێک جیاوازی هەبوو، ئێستا چووەتە سەروو ٢٠ هەزار دینار".
گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، هەندرێن عەبدولڕەحمان دەربارەی رێگای نوێی ناردنە دەرەوەی زێری هەرێمی کوردستان تا کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان گوتی: "ئێستا هیچ رێگەیەکی فەرمیمان نییە بۆ ناردنە دەرەوەی زێر، مەگەر بە رێگای گوند و قەزا و ناحیەکاندا بینێرین بەرەو مووسڵ و بەغدا کە ئەمەیش رێگای مەرگ و هات و نەهات و رفاندن و لێسەندنی زێڕە و رێگای تیرۆر و تۆقاندنە، بۆیە ماوەی سێ رۆژە دەتوانم بڵێم، هیچ زێر لە هەرێمی کوردستان نەچووەتە دەرەوە".
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای زێڕنگەران نزیکەی هەزار و ٧٠٠ زێڕنگەر لە هەرێمی کوردستان هەیە و بە گوتەی هەندرێن عەبدولڕەحمان ئەگەر ئەو دۆخە تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، ئەوا زێڕنگەران تووشی زیانێکی گەورەدەبن و نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ زێڕنگەریان واز لە کارەکەیان دەهێنن لەبەر ئەوەی ئەو پارەیەی لەم پیشەیەدا خەرج دەکرێت زۆرە کە ئەگەر لە هەر کارێکی دیکەدا بەکاری بهێنن قازانجی زیاتر دەکەن.
بڕیارەکە لەڕێگەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراقەوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و بەسرە، بەڵام بەڕیوەبەری راگەیاندن لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی، جیهاد دیوان بە ئاژانسی ئاندۆڵوی راگەیاند "ئەوەی دەرچووە بڕیاری ئێمە نییە و پەیوەندیشی بە ئێمەوە نییە، بۆیە ئێمە وەک دەسەڵاتی فرۆکەوانی شارستانی عێراق قسەی لەسەر ناکەین".