Zana Natık Kerem
17 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناجی سەعیدی رایگەیاند کە بەرلە کۆتایی هاتنی ئەم مانگە، حکوومەت بوودجەی گشتیی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات.
ناجی سەعیدی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندکرا، دوای ١٥ رۆژ لە بەرواری پەسەندکردنی و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی عێراق، دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناجی سەعیدی سەبارەت بە پەڕەی سپی کە حکوومەت، مەبەسەتی ئەنجامدانی چاکسازی لە بواری دارایی و ئابووری پێشکەشی کردووە گوتی: "پەڕەی سپی، پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە بواری ئابووری و داراییدا، چونکە لە میانی سێ ساڵی داھاتوودا، خەرجییەکان کەم دەکاتەوە، ھەروەھا داھاتەکانی دەوڵەتیش زیاد دەکات".
ناجی سەعیدی ئاشکراشیکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندبوو کە بەرلە کۆتایی هاتنی ئەم مانگە، بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و پەسەند بکرێت.