Muhammet Ali Kemal
09 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2016
کۆمپانیای وزەی بریتانی بریتش پێترۆلیوم (BP) رایگەیاند لە ناوچەی باڵتیم لە باکووی میسر کێڵگەیەکی نوێی گازیان دۆزیوەتەوە.
بەپێی ئەو روونکردنەوەی لەلایەن کۆمپانیاکەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە لە ناوچەی (SW-1)ی باڵتیم لە دەلتای خۆرئاوای نیل لە قووڵایی سێ هەزار و ٧٥٠ مەتردا لە ژێردەریادا و لە رووبەرێکی ٦٢ مەتر دووجادا گازێکی کوالیتی بەرزیان دۆزیوەتەوە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئەو شوێنەی گەڕانەکەی تێدا ئەنجامدراوە، نزیکەی ١٢ کیلۆمەتر لە کەناری دەریاوە دوورە.
هەروەها باس لەوە کراوە کێڵگەکە دەتوانرێت وەک درێژکراوەی کێڵگەی نورۆس ئەژمار بکرێت کە لە مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٥دا دۆزرایەوە و رۆژانە بەرهەمێکی هاوتە بە نزیکەی ٦٥ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت.
لێپرسراوی ناوچەی باکووری ئەفریقیا لە کۆمپانیای بریتش پێترۆلیوم (BP)، هیشام مەکاوی لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە: ''ئەو ئەنجامانەی لە ناوچەی (SW-1)ی باڵتیم بەدەستهاتوون، مایەی خۆشحاڵیی زۆری ئێمەیە. دۆزینەوەی کێڵگەی سێهەم بەدرێژایی کێڵگەی نورۆس بوونی سەرچاوەی سرووشتی لە ناوچەکە پشتڕاست دەکاتەوە''.
بریتش پێترۆلیوم خاوەنی لەسەدا ٥٠ی پشکەکانی ناوچەی باڵتیمە کە دەکەوێتە باکووری میسر و کۆمپانیای وزەی (Eni) و هاوبەشەکەی (IEOC) خاوەنی لەسەدا ٥٠ی دیکەی پشکەکانن.