Heman Hussein Yaseen
06 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2023
هەولێر - AA
زیاتر لە ساڵێکە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا سیستەمێکی نوێی بەسەر عێراقدا سەپاندووە کە نابێت لە دەرەوەی ئەم سیستەمە مامەڵە بە دۆلارەوە بکات و ئەمەش بەھای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دابەزاندووە و رۆژانە نرخی دراوەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.
بانکی ناوەندیش چەند جارێکە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوە و بە قاچاغبردنە دەرەوەی پارە، ڕێکاری نوێ دەگرێتە بەر، لە نوێترین ڕێکاریشدا بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاندبوو کە عێراق و تورکیا رێککەتوون کە مامەڵە بازرگانییەکانییان لە ساڵی داهاتووەوە بە دراوی جۆری یۆرۆ، لیرەی تورکی و دیناری عێراقی ئەنجام بدەن بەجۆرێک هاوردەکردن بۆ عێراق بە جۆری لیرە یان یۆرۆ بێت و لە ناوخۆی عێراقیش بە دینار مامەڵەکان ئەنجام بدرێت.
بەشێک لە شارەزایانی ئابووری پێیانوایە کە بانکی ناوەندی بەبێ پاڵپشتی و هاوکاری حکوومەتی عێراق و دەزگای دادوەری ناتوانێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات و بەشێکی دیکەش پێیانوایە ئەم بڕیارە ناچێتە واری جێبەجێکردن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێراق ناتوانێت وەها بڕیارێک جێبەجێ بکات تا ئەو کاتەی بڕیارەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکات.
مامۆستا لە کۆلیژی بەڕێوەبردن و ئابووریی زانکۆی سەڵاحەددین، محەمەد موحسین لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بانکی ناوەندی هەندێک بڕیاریداوە، بەڵام پێموانییە بە تەنیا سەرکەوتووبێت ئەگەر دوو لایەنی دیکە هاوکاری نەکەن ئەوانیش بریتیین لە حکوومەتی عێراق و دەزگای دادوەریی، دەبێت ئەم دوو لایەنە هاوتەریب کار بکەن بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ دراوی عێراقی".
مامۆستا محەمەد موحسین گوتیشی: "ئەم بڕیارە لەناوخۆدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خواست بە رێژەیەکی دیاریکراو لەسەر دراوی بیانی، بەڵام مامەڵە ناوخۆییەکان بەو ئاستە کاریگەرییان نابێت لەسەر کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار وەک ئەوەی خواستە گەورەکە بۆ بازرگانیکردن و مامەڵەکردنە لە دەرەوەی عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا و پۆشاک و شتومەک".
لەبارەی لایەنە باش و خراپەکانی ئەم بڕیارە لەسەر سەقامگیریی ئابووری عێراق، مامۆستا محەمەد موحسین گوتی: "وەکو ئابووریناسێک پێموانییە سەقامگیریی و جێگریبوونی نرخ یان بەهای دراوی عێراقی تەنها پابەند بێت بە مامەڵەکردنی ناوخۆیی بە دیناری عێراقی بەڵکو ئەو ناسەقامیگرییە پەیوەندیی بەو ئاگادارکردنەوە و ئامادەکردنی سزایانە هەیە کە لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە ئامادەکراوە و بانکی ناوەندی عێراقی لێ ئاگادارکراوەتەوە، ئەمە زیاتر پەیوەندی بە ئەوانەوە هەیە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەلای هاووڵاتییانی عێراقی و بازرگانان و کۆمپانیاکان دروست کردووە، بۆیە لە ترسی سەپاندنی ئەو سزایانە هەوڵ دەدەن سامانی خۆیان بە دۆلاری ئەمریکی یان دراوی دیکە جیا لە دراوی عێراقی پاشەکەوت بکەن، بۆیە ئەوانە کاریگەرییان لەسەر نا سەقامگیری دراوی عێراقی هەیە".
ئەو ئابووریناسە پێیوایە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخە ئابوورییە ئەوەیە کە ئەو بڕە پارەیەی کە بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە، ڕاستەوخۆ ناچێتە دەستی بازرگانان و لەمبارەیەوە گوتی: "بەگشتی خواست و خستنەڕوو کاریگەری هەیە لەسەر هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار، بەڵام پێشتر بانکی ناوەندی ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری بەشێوەی کاش دەخستە بازاڕ، ئێستا نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕ بەڵام هەمووی بەشێوەی کاش نیە، سێ بەشی بەشێوەی ئەلیکترۆنییە، کێشەکە لەوەدایە ئەم خستنەڕووە لەلایەن بانکی ناوەندی ڕاستەوخۆ ناچێتە دەستی ئەو کەسانەی کە کاریان بەو بڕە پارەیە هەیە بەڵکو بەشێکی هەرە زۆر سپیکردنەوەی پارەی پێ دەکرێت، بە تایبەتیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندوون لە نێویادا، ئێران، سووریا و لوبنانە و بۆیەش ئەم خەڵکە ناچار ڕوو لە بازاڕ دەکەن بۆ دەستخستنی دۆلار".
مامۆستا محەمەد موحسین گوتیشی: "ئەو کەسانەی کار بۆ سپیکردنەوەی دۆلار دەکەن، کەسی ئاسایی نین بەڵکو کەسی کاربەدەست و بڕیاربەدەستی سیاسیی گەورەی ئەم وڵاتەن (عێراق)، ئەو کەسانە کاریگەری زۆریان لەسەر حکوومەت، بانکی ناوەندی و دادگا هەیە، بۆیە پێموانییە بانکی ناوەندی بەتەنیا بتوانێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکات".
هاوکات پسپۆڕێکی دیکەی ئابووری پێیوایە بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لەماوەی ڕابروودا سەرجەم بڕیارەکانی بانکی ناوەندی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو گەندەڵیانەیە کە لە عێراق دەکرێت.
پسپۆڕی ئابووری، دکتۆر محەمەد عەلی عوزێری لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بانکی ناوەندی عێراقی تا ئیستا نزیکەی ٢٢ بڕیار و ڕێنمایی لەمبارەیەوە دەکردووە، هەموو ئەو بڕیارانە بۆ ڕووپۆشکردنی ئەو گەندەڵیانەیە کە بۆخۆی دەیکات، ئەگەرنا بانکی ناوەندی چاک دەزانێت کە ڕێگا و ڕێسای چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە بانکەکان نیە، بەڵکو لە دوای دەرچوونی پارە لە بانکەکانە و ئەوان بۆخۆیان ئەو ڕێگاخۆشکردنەیان بە چەند شێوەیەک کردووە وەکو پارە ناردنە دەرەوە لە ڕێگای حەواڵە، کەمکردنەوە، بۆخۆیان شتێکیان دروست کردووە بۆ ئەوەی ئەو پارەیە ببەنە دەرەوە، لەبەر ئەوەی وڵاتان بەم دۆخە ڕازی نین بە تایبەت ئەمریکا کە داوای ڕێکاری توند دەکات بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوە و بە قاچاغ بردنەدەرەوە پارە".
دکتۆر محەمەد عەلی عوزێری گوتیشی: "ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و زۆریش هەیەڵە، عێراق زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دیناری لەژێر چاپکردندایە، لە کاتێکدا ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت کە سیولەی پێویست (پارەی نەختینە) لە بانکەکاندا هەبێت، هاوکات دیناری عێراقیش لە هەموو جیهاندا مامەڵەی پێوە بکرێت، بەڵام کاتێک یۆرۆ و یوان و پارە بەهێزەکانی جیهان نەبووەتە بە دیلی دۆلار، وڵاتێکی وەک عێراق کە خاوەنی سەرەوەری خۆی نیە چۆن دەتوانێت بڕیار بدات کە مامەڵە بە دۆلار نەکات و هەموو شتێک بکاتە دینار کە پارەی نەختینەی ئەو دینارەشی لەبەردەستدانیە".
ئەو پسپۆڕە پێیوایە هەتا عێراق پابەندی بڕیارەکانی ئەمریکا نەبێت، سەقامگیریی ئابووری لە عێراق نایەتەدی و گوتیشی: "هەتا عێراق بڕیارەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکات و پابەند نەبێت پێیەوە، ئەوا بەهای دینار هەر لە کەم و زیادیدا دەبێت و سەقامگیریی ئابووری لە عێراق بەدی نایەت".
جێی ئاماژەیە ڕۆژی شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردنی بە دۆلار لە چوار بانکی عێڕاق بە پاساوی "وردبینی" راگرت و دواتریش لە ١٩ی تەمووزی ئەمساڵ جارێکی دیکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە ١٤ بانکی عێراقیدا قەدەغە کرد و تۆمەتباریکردن بەوەی کە دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، دوای ئەوەش بەردەوام بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە گۆڕانکارییدایە.