Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، مستەفا غالب موخیف كیتاب لەگەڵ پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران، عەبدولناسر هیمەتی تاوتوێی چارەسەركردنی شایستە داراییەكانی تایبەت بە ئێران-یان كرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی راگەیاندنی بانكی ناوەندی عێراق، مستەفا غالب موخیف كیتاب پێشوازی لە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران، عەبدولناسر هیمەتی كردووە كە لەئێستادا بە یاوەری شاندێكی ئابووریی لە عێراقە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە لە دیدارەكەدا، چوارچێوەی هاوكاریی لە كەرتی بانكی نێوان عێراق و ئێران خراوەتە بەرباس.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی شایستە داراییەكانی تایبەت بە ئێران لە مامەڵكردنی بازرگانیی لەگەڵ عێراق گفتوگۆكراوە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران، عەبدولناسر هیمەتی بە یاوەری شاندێكی ئابووریی گەیشتبووە بەغدا كە لە میانیدا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام دەدات لەنێویاندا سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی.