Zana Natık Kerem
20 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن چاوی كەوت بە ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆڕبەندی پیاوانی كار و ژووری بازرگانیی ئەمریكا.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە دیدارەکەدا كە وەزیری وزەی ئەمریكا، دان برولیەت ئامادەی بوو، سەرەتا مستەفا كازمی خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكە نیشانداوە و ئاماژەی بە هاوكاری ستراتیجیی بەردەوام لەگەڵ ئەمریكا داوە بە تایبەتیش لەگەڵ كۆمپانیا و بانكەكانی ئەمریكا.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە لە میانی دیدارەكەدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی حكوومەتی عێراق ئامادەیە هەموو ئاستەنگەكانی بەردەم كاری كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە عێراق لاببات.
باس لەوەیش كراوە كە لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، مستەفا كازمی روونی كردووەتەوە كە دەرفەتی باش لە بواری وەبەرهێنان لە بەردەم پیاوانی كار و كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە عێراق رەخساوە و داواشی لە بانكەكانی ئەمریكا كردووە كە هاوكاربن لە پێشخستنی سیستەمی بانكی لە عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەكە لای خۆیانەوە ئەندامانی كۆڕبەندی پیاوانی كار و ژووی بازرگانیی ئەمریكا ئامادەیی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەمریكایان نیشانداوە لەوەی بۆ كاری وەبەرهێنان روو لە عێراق بكەن، هەروەها گەشبینی خۆشیان نیشانداوە سەبارەت بەو هەنگاوانەی كە مستەفا كازمی لە كاتی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق تا ئێستا ناویەتی.
چاوەڕەوان دەكرێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی كە ئێستا بەسەردانێك لە واشنتۆنە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆشكی سپی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆببێتەوە.