Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە رەشنووسی یاسای بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی یاسای بوودجەی ھەرێمی کوردستان و دوایین داتاکانی تایبەت بە خەرجی و داھاتەکانی ھەرێم کراوه و ئەگەرە جیاوازەکان بۆ داڕشتنی بوودجە تاوتوێ کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە كراوهتهوه کە پێویستە یاسای بوودجە، رەنگدانەوەی شەفافانەی دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان بێت. لەو چوارچێوەیەشدا کۆبوونەوەکە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووه کە دوایین تێبینی و سەرنجەکانیان لەسەر رەشنووسی یاساکە ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەشنوسی پڕۆژە یاساکە پەسەند بکات و پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ کراوه کە تا ئێستا شایستە داراییەکانی ھەرێم بە پێی یاساکە خەرج نەکراوە سەرەڕای ئامادەیی ھەرێم بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیرە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کە لەگەڵ ھاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بۆ ئەم مەبەستە، بڕیاڕیشە ھەفتەی داھاتوو شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی فیدراڵی.